نێچیرڤان بارزانی: نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان

نێچیرڤان بارزانی: نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فیسا هاکینین، باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی ڕەوشی عێراق و ناوچەکەیان کرد و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، نامانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکەدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە عێراق کرد و جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فینلەدا کردەوە و سوپاسی ئەو وڵاتەی کرد کە لە شەڕی دژی داعشدا هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان ناخوازێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان و هەوڵدەدات سەقامگیری بۆ عێراق بگێڕێتەوە.

فیسا هاکینین لە دیدارەکەدا ئەوەی بۆ سەرۆکی هەرێم دووپاتکردەوە، هاوکارییەکانی وڵاتەکەی لەڕووی مەشق و راهێنانەوە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ یارمەتیدانی عێراق و پێشمەرگە بەردەوامدەبن.

هاوکات لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراق، چارەسەرەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور و دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکران.
Top