مەسروور بارزانی: بە پرۆژەیاسای چاکسازییەوە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر دەڕۆین
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی پەسندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازییەوە لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت: "ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاونیشتمانیان دڵنیادەکاتەوە لەوەی کە: "دەقی کۆتایی یاساکە دڵنیایی گرنگی تێدایە سەبارەت بە مووچە و ئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران بە جۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم بۆ پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی . ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر. ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست و داوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. ئامانجیش رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان.
دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمووزی ساڵی رابردوو ، ئێمە دەستبەجێ لیژنەیەکی باڵامان لە حکومەت پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە و بەهێزکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی.
هاوولاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە دەقی کۆتایی یاساکە دڵنیایی گرنگی تێدایە سەبارەت بە مووچە وئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران بە جۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. ئەم یاسایەش بەڵگەیەکی روونی دیکەیە لە سەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردانان بۆ گەندەڵی و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی. هەروەها هەنگاوێکی گرنگیشە بەرەو حکومەتێکی مۆدێرن و شەفاف و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی کە ئامانجی سەرەکی ئەم حکومەتەیە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/1/16
