سەرۆک بارزانی و کونسوڵی فەرەنسا پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-1-2020، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر، کۆبووەتەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، بارودۆخی عێراق و ئەگەرەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی و ململانێ نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، تاوتوێ کراون.
کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووەتەوە و بە ”گرنگ“ بۆ وڵاتەکەی، هەژماری کردووە.
شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەشێکی دیکەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بووە و کونسوڵی فەرەنسا ویستی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە هاوبەرەیی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە دژی داعش، نیشان داوە.
باسنيوز
