دەوامی فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستیی تایبەت كەم دەكرێتەوە

دەوامی فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستیی تایبەت كەم دەكرێتەوە
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتەكە.

عومەر گولپی، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سلێمانی، ڕايگەیاند: "وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی شیاندنی كەمئەنداماندا بەمەبەستی هاوكاریكردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، بڕیاری داوە دەوامی فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بۆ ماوەی كاتژمێرێك لە ڕۆژێكدا کەم بکاتەوە".

گوتیشی: "بڕیارەكە ئێستا تەنها فەرمانبەرانی خاوەن پێداویستیی تایبەتی سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، بەڵام نازانرێت لە داهاتوودا وەزارەت نووسراو دەكات بۆ وەزارەتەكانی دیكەش بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە یان نا".

ئاماژەی بەوەش دا: "هەروەها بڕیاری داوە بە دابینكردنی فەرمانبەرێك لە هەر پرسگەیەكدا بەمەبەستی هاوكاریكردنی كەمئەندامان و بڕیارەكەش لە ڕۆژی 8/1/2020 ەوە كاری پێدەكرێت".












باسنيوز



Top