کێشەکانی خاڵە سنوورییەکان دەبرێنە پەرلەمان
بریارە لە کۆتایی ئەم مانگە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان لەسەر کێشەی خاڵە سنوورییەکان کۆ ببنەوە راپۆرتێکیش لەسەر کەموکورتییەکان دراوەتە حکوومەت.
ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، راپۆرتی ژمارەیەک پەرلەمانتارمان لەسەر خاڵە سنوورییەکان بە دەست گەیشتووە و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە.
هێمن هەورامی هەروەها رایگەیاند، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشە و کەموکورتییەکانی خاڵە سنوورییەکان، حکوومەت و پەرلەمان لە کۆتایی ئەم مانگە (مانگی 1ـی 2020) لە پەرلەمان کۆ دەبنەوە.
پێشتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێژنەیەکی بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی خاڵە سنوورییەکان پێک ھێناوە.
بەپێ راپۆرتی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان، کە بەدواداچوونی بۆ خاڵە سنوورییەکان کردووە، جگە لە ھێنانی خۆراکی ماوەبەسەرچوو، تێبینیی بوونی گەندەڵی، بە ھەدەردانی پارە، دیارنەمانی بەشێکی داھاتەکان لە خاڵە سنوورییەکان کراوە.
باسنیوز
