کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵ وەڵامی حەسەن نەسروڵڵا دەداتەوە

کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵ وەڵامی حەسەن نەسروڵڵا دەداتەوە
کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە نووسینێکدا کە رووی لە حەسەن نەسروڵڵایە دەڵێت "شێوازی دەڕبرینەکانت بەرانبەر مسعود بارزانی، دوورە لە ئەتەکیەتی قسەکردنی سەرکردەکان".

محەممەد حەکیم، کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە نووسینەکەیدا کە لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "وێڕای تێبینی و نیگەرانی ئێمە لە باری ناوخۆی کوردستان و ئەدای بارزانی، بەڵام بارزانیش سەرکردەیەکی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردە و لە شەڕی دژی داعش رۆڵی ھەبوو، بەشی خۆم نەشمبیستوە شایەن بەو قسەیە بێت".

محەممەد حەکیم کە یەکێکە لە سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامی، رەخنە لە هەڵوێستی سەرکردە ئیسلامییەکانی شیعە و سوونە لە بارەی کورد دەگرێ و رایگەیاندووە "نازانم بۆ ئەوەندە ئاماژە بە کوردستان دەکەن، وەکو ئیسرائیلی دووەم وێنای دەکەن، لە کاتێکدا حەقە ئێوەومانان و باقی سەرکردە ئیسلامییەکانی دیكەی شیعە و سوونە، جاروبار ئاماژە بە مەزڵومیەتی میللەتی کورد بکەن و بە گاڵتەش بێت بڵێن: مافی ژیان و خۆبەڕێوەبردن و، گەر کرا بشڵێن: مافی دەوڵەتتان ھەیە!"

رۆژی یەکشەممە، حەسەن نەسروڵڵا لە گوتارێکدا هێرشی کردە سەر سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی وەڵامیان دایەوە.
Top