دیندار زێباری: عێراق لیژنەیەکی بۆ چارەنووسی زیاتر لە 16 هەزار هاووڵاتیی بێسەروشوێنبوو پێکهێناوە
لە میانەی کۆبوونەوەکانی خولی (١١٨) مینی تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە جنێڤ بەسترا، داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە کە زانیاریی تەواویان پێ بدات دەربارەی چارەنووسی (١٦٤٢٠) کەسی بێسەروشوێنبووی سەردەمی رژێمی بەعش کە زۆربەیان هاووڵاتیی کوردستانن، لەلایەن خۆیەوە حکوومەتی فیدراڵ لیژنەیەکی ناوەندەی پێکهێناوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەندامە لەو لیژنەیە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکان و یەکلایی کردنەوەیان و ئەو کەیسانە دەگەڕێنەوە بۆ پێش پەسەندکردنی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پاراستنی کەسەکان لە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەی ناوبرا و چارەنووسی ئەو (١٦٤٢٠) بێسەروشوێن بووە، رای گەیاند: "حکوومەتی فیدراڵی لیژنەیەکی ناوەندیی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە کە نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم ئەندامە لەم لیژنەیە بە مەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک دەربارەی چارەنووسی (١٦٤٢٠) بێسەروشوێنبووی سەردەمی رژێمی بەعس و پێشکەشکردنی بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کەیسەکان (رووداوەکان) و ئێستا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بەدواداچوونیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی لیژنەی ناوەندیی حکوومەتی فیدراڵەوە راپۆرتێک پێشکەش بە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو کەیسانە کە لەلایەن تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە باس کراون و زیاتر گوتی: "لە سەردەمی رژێمی بەعسدا سەدان هەزار هاووڵاتی کوردستان بە شێوازی جیاجیاوە بێسەروشوێن کراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و ئەو کەیسانەی کە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان لێدەکات بەشێکی زۆر کەمن بە بەراورد بەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون. لە ساڵانی (١٩٨٠) تاکوو (2010) بە رێگای جیاجیاوە چەندین سکاڵا پێشکەش بە تیمی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ کراوە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و خاچی سووری نێودەوڵەتی، یان لەلایەن کەسوکارییانەوە بۆ زانینی چارەنووسیان، ئەو کەیسانەی کە تایبەتن بە عێراق ژمارەیان (١٦٤٢٠) دەبێت کە بەشی زۆریان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن و لە پرۆسەکانی ئەنفالی بارزانییەکان و بادینان و هەڵەبجە بێسەروشوێن کراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، تیمی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە رێگای ئەو لیژنە ناوەندییەوە کار دەکات بۆ یەکلاکردنەوە و داخستنیان بەتایبەتی لە بابەتی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان، چونکە لەڕووی یاساییەوە حکوومەتی ئێستای عێراق میراتگری حکوومەتەکانی پێش خۆیەتی و هەر پابەندبوونێکی یاسایی بکەوێتە سەری پێویستە جێبەجێی بکات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "تیمی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1980 لەلایەن لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە و لە ژمارەیەک پسپۆڕی سەربەخۆ پێکهاتووە، بەدواداچوون دەکات بۆ کەیسەکانی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ لەو وڵاتانەی کە رێککەوتننامەی نەهێشتنی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێیان پەسەند کردووە، تا ئێستا تیمی ناوبراو کاری لەسەر (50،000) حاڵەت کردووە لە زیاتر لە (٨٠) وڵات و بەپێی پێویست کۆبوونەوەکانی خۆی ئەنجام دەدات، بە ئامانجی زانینی چارەنووسی قوربانیان کەسوکاریان بەتایبەتی ئەوانەی سکاڵایان پێشکەش بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.
باسنيوز
