سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدەنگ داواکاریی قوربانییەکی چەکی کیمیاوییەوە دێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدەنگ داواکاریی قوربانییەکی چەکی کیمیاوییەوە دێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدەنگ داواکاریی قوربانییەکی چەکی کیمیاوییەوە دەچێت و بڕە پارەی پێویستی بۆ چارەسەرکردن و ڕزگارکردنی لەم دۆخەی تێیدایە، بۆ خەرج دەکات.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١١ی ١ی ٢٠٢٠، کامیل عەبدولقادر، بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی، لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، ئاماژەی بەوە دابوو کە ئەو لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی کە ٩ کەس بوون، لەدەست داوە و تەنیا خۆی ماوەتەوە، ئێستاش نزیکەی ۳۲ ساڵە بەدەست کاریگەرییەکانی گازی خەردەلەوە دەناڵێنێت و بەردەوام چارەسەر بەکار دەهێنێت.

ئەو بەرکەوتووە باسی لەوە کردبوو کە دوای ٣٢ ساڵ لە بەکارهێنانی چارەسەر، سییەکانی لەکار کەوتوون و پێویستە دەست بەجێ نەشتەرگەریی چاندنی سییەکانی بۆ بکرێت، بۆ ئەمەش پێویستی بە چاودێرییەکی تایبەتە کە تەنیا هاوسەر و منداڵەکانی دەتوانن ئەم چاودێرییەی بکەن، بەڵام ئەوان لە کوردستانن.

هەر لە یاداشتەکەیدا نووسیویەتی: ”بە هەوڵی چەند ڕێکخراوێکی بواری جینۆساید لە کوردستان، کونسوڵگەریی ئەڵمانیا لە هەولێر ڕازی کراوە بەوەی ڤیزەی ساڵێک بە خێزان و منداڵەکانم بدات تاوەکوو بێنە ئەڵمانیا، بەڵام ئامادە نییە هیچ خەرجییەکیان لە ئەستۆ بگرێت، خەرجیی مانەوەشیان بە پەنجا هەزار یۆرۆ مەزەندە دەکرێت“. بۆیە داوای خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی کردووە.

پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر یاداشتەکەیدا، بەیانیی ئەمڕۆ کامیل عەبدولقادر بڵاوی کردەوە، کاتژمێر ۸ی ئەم بەیانییە، ”لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندیم پێوە کرا و پێم ڕاگەیاندرا کە جەنابی سەرۆکی حکوومەت هەواڵت دەپرسێ و سڵاوی هەیە بۆتان، ئەو بڕی سی هەزار یۆرۆیەش کە داوات کردووە، بۆت خەرج کراوە“.

بۆ ئەم مەبەستەش سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و رای گەیاندووە، ئەو پەنجا هەزار یۆرۆیەی داوای کردبوو، ٢٠ هەزاری لەلایەن چەند کەسێکەوە وەک هاوکاری بۆ خەرج کراوە، ٣٠ هەزارەکەی دیکەش بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت خەرج کراوە، بۆیە داوای لە خێرخوازان کردووە، چیتر هاوکاری نەخەنە سەر ژمارە حیسابییەکەی، چونکە بەو بڕە پارەیە پێویستییەکانی دابین دەکات.








باسنيوز

Top