مەسروور بارزانی: هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی ناوچەکە بەردەوامدەبن
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوور، سوپاسی ھەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەوڵەکانی لەپێناو ھێورکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و هەردوولا لەمبارەیەوە هاوڕابوون کە پێویستە دۆخەکە ئارامبکرێتەوە.
وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکوور، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە سەقامگیریی و سەروەریی عێراق دووپاتکردەوە.
هاوکات مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی ھەرێم لە ھەوڵەکانی بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامدەبێت. ھەروەھا جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی ھاوکاری و پاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە کە سەقامگیریی و گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستان لە قازانجی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە و جەختی لە پاراستنی مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش کردەوە. ھیوای خواست حکومەتی فیدراڵی رێز لە مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێت.
