مەسرور بارزانی: هیوادارین هەموو لایەنەکان رێز لە رۆڵی هاوسەنگانەی هەرێمی کوردستان بگرن
لە سەرەتادا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و ڕای گەیاند: ”ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخی عێراق و ناوچەکە نین، چونکە زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژیی زیاتر و چالاکیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەرەخسێنێ بە تایبەتیش داعش، بۆیە ”هەرێمی کوردستانيش بە هاوکاریی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر“.
سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێورکردنەوەی دۆخی عێراق و ناوچەکەیە. گوتیشی: ”هیواداراین هەموو لایەنەکان رێز لە رۆڵی هاوسەنگانەی هەرێمی کوردستان بگرن“.
سەرۆک وەزیران هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی مافە دەستووریی و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان و چەند پێشنیارێکی تایبەت بە پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر لە هەرێمی کوردستان کرد، کە پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا.
ئەنجومەنی وەزیران دوای راوێژ لەگەڵ لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، دوو بڕگەی نوێی بۆ پڕۆژە یاساکە پەسەند کرد کە تایبەت بوون بە پاراستنی گشت شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە ئەژمێرێک کە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە رێنماییەک رێکی دەخات. بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە ئەولەویەتدانی حکوومەت بە پێداچوونەوە بە کەمترین مووچەی خانەنشینی، لە دەرئەنجامی ئەو بڕە پارەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت بگەڕێتەوە لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی پاش تەشریعکردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستان.
باسنيوز
