نێچیرڤان بارزانی: هەوڵی هەموومان ئەوەیە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بپارێزین

نێچیرڤان بارزانی: هەوڵی هەموومان ئەوەیە ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بپارێزین
ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پاش کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکی هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی خستە روو و گوتی هەموو هەوڵێکمان بە ئاراستەی ئارامبوونەوەی دۆخەکەیە.

نێچیرڤان بارزانی، لەمبارەوە گوتی: "هەرێمی کوردستان بەم دۆخەی کە هاتووەتە ئاراوە، زۆر نیگەرانە کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق بە پێکهاتەکانیەوە و جەختمان لەوە کردووەتەوە کە هەموو لایەک هەوڵی جیدی بدەن بۆ هێوکردنەوەی دۆخەکە لە هەموو ڕوویەکەوە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: "ئەوەی کە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان گرنگە، کە بەختەوەرانە فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەموویان لە پەرلەمانی عێراق، هەموویان یەکگرتوانە هەڵوێستیان هەیە و پێکەوە کار دەکەن و لە هەرێمی کوردستانیش هەموو لایەنەکان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە مەرجی سەرەکی ئەوەیە پێکەوە کار بکەین".

جەختیشی کردەوە: "دژی ئەوەین کە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بە شێوەیەکی گشتی نەبێتە مەیدانی یەکلاکەرەوەی ململانێیەک کە ئێستا هەیە و خۆم وەک سەرۆکی هەرێمی و هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەردووکمان لەسەر خەتین لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندیدارن بەو مەسەلەیەوە چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوەی وڵات".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "هەموومان وەک سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەوڵی هەموو لایەکمان ئەوەیە کە ئێمە بتوانین ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بپارێزین و بێگومانیش لەسەر ئەوە بەردەوام دەبین و ئیوە ئاگادارن ئەم بەرەبەیانیەی ئەمڕۆ ئەو ڕووداوەی کەلە سەربازگەی ئەسەد ڕووی داوە و ئەوانەی بەرەو هەرێمی کوردستان هاتووون، هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە و ئەوە جێگەی دڵخۆشییە و ئێمە هیوادارین و هەموو هەوڵێکیشمان لەپێناو ئەوەیە کە ئەم دۆخە لەم ئاستەدا ڕابگیرێت و لەمە زیاتر تەشەنە نەکات".

لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەموو لایەکمان کۆک بووین لەسەر نیگەرانیی جیدیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو بڕایرەی کە بە شێوەیەکی یەکلایەنە لە پەرلەمانی عێراق بە نیسبەت هێزەکانی هاوپەیمانان درا و ئێمە پێمان وایە عێراق بە شێوەیەکی گەشتی پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی هێزی هاوپەیمانی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش".













باسنيوز
Top