سوننە عێراقییەکان دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بەیاننامەیەک بڵاو دەکەنەوە
لە بەیاننامەکەدا، هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان حکوومەتی وڵاتەکەی بە بەرپرس دادەنێت لە پێشێڵکردنی سەروەریی خاک و ئاسمانی عێراق.
هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان داوا لە حکوومەتی وڵاتەکەی دەکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لە دژی ئەو پێشێڵکارییانە و بەزاندنی سنوورەکانی عێراق تۆمار بکات.
هاوپەیمانییەکە، کە نوێنەرایەتیی زۆرینەی سونەمەزهەبەکانی عێراق دەکات، داوا لە وڵاتانی دراوسێی عێراق و ئەمریکا دەکات پابەندی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بن و رێز لە سەروەریی عێراق بگرن.
ئەو بەیاننامەیە دوای ئەوە دێت، کە ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
