مەسرور بارزانی: ئەوەی لە تواناماندابێ دەیکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت
کەمێک لەمەوبەر و پاش دەرچوونی لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: ”هەندێک رووداوی ناخۆش ڕوویان داوە، ئێمە بە نیگەرانیی قووڵەوە سەیریان دەکەین“.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەم گرژییەی لە ناوچەکەدا هەیە کەشێکی نائارام و ناسەقامگیری درووست کردووە، بەڵام ”هەموو هەوڵێک دەدەین و ئەوەی توانیومانە کردوومانە و دەیکەین تا دۆخەکە بەرەو هێوری بڕوات و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە، ئەرکی لەپێشینەمان پاراستنی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەتی و هەموو هەوڵێک دەدەین کە هەرێم تێکەڵی ئەم کێشانە نەبێت و تووشی گرژی و کێشە نەبێت“.
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیی بەردەوام دەبن و ”دەمەوێ خەڵکی کوردستان دڵنیا بکەمەوە کە ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە پارێزراوی بمێنێت“.
باسنيوز
