بە مەرجەکانی زیندانی ئێدیرنە چارەسەركردنی گونجاو بۆ دەمیرتاش نییە

بە مەرجەکانی زیندانی ئێدیرنە چارەسەركردنی گونجاو بۆ دەمیرتاش نییە
ئەندام پەرلەمانێكی سەر بە جەهەپە، لە كاتی سەردانی بۆ لای سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، زانیاری لەبارەی رەوشی تەندروستی دەمیرتاش بڵاوكردەوە و دەڵێت بەو مەرجانەی لە زیندانی ئێدیرنە هەیە، چارەسەری تەندروستی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش مومكین نییە.

سەزگین تانریكولو، ئەندام پەرلەمانی جەهەپە و كەسایەتیی دیاری توركیا، لە ١ی١ی٢٠٢٠ لە زیندانی ئێدیرنە سەردانی دەمیرتاشی كردووە و پاشان قسەی بۆ میدیاكانی توركیا كرد و لەبارەی رەوشی تەندروستی دەمیرتاش لێدوانی داوە، بەڵام نەچووە سەر وردەکاریی تەندروستیی دەمیرتاش.

سەزگین لە تازەترین لێدوانیدا ئاماژەی داوە، وەكوو بۆچوونی كەسی خۆی لەبارەی رەوشی تەندروستیی دەمیرتاش نیگەرانی هەیە، ئەو نیگەرانییەشی لە خۆڕا نییە، بەڵكوو لە راپۆرتە پزیشكییەكاندا لەبارەی رەوشی دەمیرتاش ئەو نیگەرانییە دروست بووە.

ئەو دەڵێت: "تاكوو ئێستا ئەوە دەستنیشان نەكراوە كە دەمیرتاش نەخۆشییەكەی چییە، بەڵام وەگرتنی چارەسەر و دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە بەو مەرجانەی لە زینداندا هەیە مومكین نییە و نابێت وا بمێنێتەوە".

ئەو ئاماژەی دا كە چارەسەریی جۆراوجۆر وەردەگرێت و پزیشك پێی گوتووە رێگایەكی تر هەیە بۆ ئەوەی چاك ببیتەوە، كاتێك باسی ئەو رێگایەی پزیشكیان كردووە هەردووكیان پێكەنیون.

سەزگین، دەڵێت پزیشك گوتوویەتی پێویستە بۆ ماوەیەكی زۆر ستایلی ژیانت بگۆڕێت، مەبەستی ئەوە بووە واز لە سیاسەت بهێنێت، بەڵام دەمیرتاش پێكەنینی پێ هاتووە.

زیاتر قسەی كرد و گوتی: "دەمیرتاش لە ژوورێكدایە ١٣ مەترە، ماوەی ٣ ساڵیش دەبێت هەر لەو ژوورەدا زیندانییە، بە دڵنیاییەوە پزیشك نانووسێت پێویستە لە زیندان بهێنرێتە دەرەوە. ئەو لە رۆژێكدا ٣ ژەم دەخوات و خواردنەكانیش ئەو خواردنانەن كە زیندان بۆی ئامادە دەكات، هەروەها تا بۆی بكرێت لە كۆریدۆری زیندان، یان لە كاتی پشوویان بۆ چوونە ناو پاركی زیندان، دەمیرتاش وەرزش دەكات، بۆیە ئیدی خۆی دەیەوێت لەناو زیندان ستایلی ژیانی بگۆڕێت، بەڵام ناكرێت دەمیرتاش بەو حاڵەی ئێستای لە زینداندا بمێنێتەوە".

پێشتر چەندین ڕاپۆرت و زانیاری بڵاو کرابووەنوە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندان نەخۆشە و بەرپرسانی زیندانیش بەپێی ئەو مەرجانەی دایان ناوە دەمیرتاش چارەسەری پزیشکی وەرناگرێت.














باسنيوز

Top