ڕێنوێنى بۆ تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان دەردەکرێت

ڕێنوێنى بۆ تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان دەردەکرێت
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، جێبەجێکردنی بڕیاری تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان پێویستی بە دەرکردنی چەند ڕێنوێنییه‌ك ھەیە، که‌ ئێستا کاری پێویستی بۆ دەکرێت.

کوردۆ عومەر چنگیانى، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕاگەیاند: "ئێستا یاسای تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان لای ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانە و دوای پەسندکردن و ناردنەوەی بۆ ئێمە، ڕێنوێنیی پێویستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بۆ ده‌ردەکەین کە ئێستا ھەنگاوی پێویست بۆ ئەو بابەتە نراوە".

گوتیشی: "ڕێنوێنییه‌كان لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی کەمدەرامەتە و بەشێوەیەکی گشتی ئەو خانوانە تاپۆ دەکرێن، کە ماوەیەکە دروست کراون و کەوتوونەتە چوارچێوەی سنووری شارەوانی، بەپێچەوانەوە ئەو زەوییانە تاپۆ ناکرێن کە داگیر کراون، یان خانووی دروستکراوی سەر زەویی کشتوکاڵین".

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو، ماوەیەکە بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بابەتی تاپۆکردنی ئەو زەوییانە وەستاوە کە پێشووتر کارتیان بۆ کراوە، ھەر کاتێك بڕیاری تاپۆکردنیان لەلایەن حکوومەتەوە بۆ دەرچوو، ئێمەش وەک وەزارەتی شارەوانی کاری پێویستیان بۆ تاپۆکردنیان بۆ ئەنجام دەدەین.













باسنيوز
Top