دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەست پێدەکات
بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی گەنجینەی داراییەوە دەستی کەوتووە، لە لایەن وەزارەتی داراییەوە چەکی پارەی مووچەی فەرمانبەران ئامادە کراوە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری دابەشکردنی مووچە لە لایەن وەزارەتەکەوە بدرێت.
پێشبینی دەکرێت ڕۆژی سێشەممە ٧ی ١ی ٢٠٢٠، دابەشکردنی مووچە دەست پێبکات و سەرەتا وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر هەردوو یەکەی ٧٠ و ٨٠ مووچەی مانگی ١٠ی ٢٠١٩یان پێ بدرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەران لە ڕێگەی دوو سەرچاوەوە دابین دەکات، سەرچاوەی یەکەمیان داهاتی ئەو نەوتەیە کە ڕۆژانە دەیفرۆشێت، سەرچاوەی دووەمیش ٤٥٣ ملیار دینارە و مانگانە لە لایەن بەغداوە دەنێردرێت.
سەرەتای ئەم مانگە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند، هەر حاڵەتێک لەبارەی یاسای بودجە بێتە پێشەوە، تەنانەت ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٠ی عێراقیش پەسەند نەکرێت، ئەوا حکوومەتی عێراق دەتوانێت یەک لەسەر ١٢ی بودجەی ٢٠١٩ خەرج بکات و ”ناردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت“.
پێشتر رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و راژەی گشتی بە(باس)ی راگەیاندبوو، دڵنیایی بە مووچەخۆران دەدات كە مووچەكانیان ٣٠ رۆژ جارێك، لەمساڵیش بەردەوام دەبێت.
ڕوونیشی کردبووەوە کە ئەگەر یاسای بودجەی عێراقیش پەسند نەكرێت، یان دوابخرێت، ئەوە مانگانە ٤٥٣ ملیار دینارەكەی بەغدا دەنێردرێت و مووچەش بەردەوامی دەبێت.
باسنيوز
