شاندێکی پارتی بەشداری لە پرسەی قاسم سولەیمانی کرد
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی ١ی ٢٠٢٠، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوو لە (فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، ئازاد بەرواری، کاکەمین نەجاڕ، عەلی حوسێن، سەفین دزەیی، نەوزاد هادی و فەلاح مستەفا)، سەردانی کونسوڵخانەی ئێرانیان لە هەولێر کرد و بەشدارییان لە پرسەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران کرد.
لە دوای بەشداریکردنەکەیان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی بە میدیاکانی راگەیاند، لە میانی بەشداریکردنیان لە پرسەکەدا، سەرەخۆشیی سەرۆک بارزانییان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و خانەوادەی قاسم سولەیمانی ناردووە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”هیوا دەخوازین و هەوڵیش دەدەین عێراق نەبێتەوە بە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. عێراق بەرگەی شەڕێکی دیکە ناکات، باشترە حکوومەتی عێراق دۆخی خۆی باشتر بخوێنێتەوە، هەوڵبدەن ئاشتبوونەوەیەکی سیاسی لە نێوان خۆیاندا بکەن و لەگەڵ شەقامیش ئاشت ببنەوە“.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٣ی ١ی ٢٠٢٠، قاسم سولەیمانی، پاش گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی حەشدی شەعبی، لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە بۆردومان کرا و کوژرا.
باسنيوز
