کاسبکارێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا

کاسبکارێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری مەلەکان سەر بە پارێزگای ئازەربایجان، کاسبکارێکی کوردیان کوشتووە و بەڵێنییان لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە کە نابێ سکاڵا بکەن.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی پێنجشەممە 2020.1.2 ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری مەلەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێکی کاسبکارێکی کورد کردووە و شۆڤێرەکەی بە ناوی ”سدیق خالیدی“ تەمەن ٤٧ ساڵ گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەمان سەرچاوەیەکی سدیق خالیدی بە ئۆتۆمبێلی خۆی لە جۆری بیجۆ، بەرەو مەلەکان ڕۆیشتووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەی لێ کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوای ٢٤ کاتژمێر تەرمی سدیقیان بە مەرجێک ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە کە هیچ جۆرە سکاڵایەک لەو بارەوە تۆمار نەکەن.

سدیق خالیدی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی "ئەرمناک"ی میاندواو و دانیشتووی مەهاباد بووە و ڕۆژی هەینی تەرمەکەی لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممەی 2020.11 لاوێکی خەڵکی گوندی (سیس)ی سەر بە شاری دێولان لە پارێزگای سنە بە ناوی (نادر کەریمی) لەکاتی هاتن بۆ هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە.












باسنيوز
Top