ڕاگه‌ياندراوێك لە سەرۆكايه‌تيی هەرێمی كوردستانەوە

 ڕاگه‌ياندراوێك لە سەرۆكايه‌تيی هەرێمی كوردستانەوە
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوكردەوە.


لە راگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هاتووە "ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و قائیم و بەردەم باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزبوونی زياترى بارودۆخی عێراق و كردار و پەرچەكرداری چەندبارەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەر لەو سۆنگەیەوە ئەو هەنگاوانه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كە لەسەر خاكی عێراق تەسفیەی حیساباتی وڵاتان بكرێت و سەروەریی عێراق پێشێل بكرێ كە لە ئاكامدا سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی ده‌سته‌ى حەشدی شەعبی و هاوڕێكانیان بوونە قوربانی كە هەردووكیان ڕۆڵى به‌رچاویان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەبوو".


هەروەها دەڵێ "نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان. داوا دەكەین كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و ڕێز له‌ عێراق و سه‌روه‌رييه‌كه‌ى بگيرێت. بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزی و كردار و پەرچەكردارانە، عێراق و ناوچەكە بەرەو هەڵدێر و ئاییندەیەكی نادیار دەبات و دەبێتە هۆی زیندووكردنەوە و بەهێزكردنی هێزە توندڕەو و تیرۆریستەكانی وەك داعش".


لە كۆتایی راگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشدا هاتووە "لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیار و مەترسیداره‌دا، داوا لە هەموو لایەك دەكەین ئەوپەڕی دان بەخۆیاندا بگرن و ڕێگە لە په‌ره‌سه‌ندنه‌ مەترسیدارەكان بگيرێت".













باسنیوز
Top