ئەو کەسەی بە ناوی عومرەوە فێڵی لە هاووڵاتیان کردبوو دەستگیر کرا

ئەو کەسەی بە ناوی عومرەوە فێڵی لە هاووڵاتیان کردبوو دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ ئەو کەسە دەستگیرکرا کە ھەفتەی ڕابردوو بەمەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عومرە پارەی لە ھاووڵاتییان وەرگرتووەو ڕایکردوە.

شۆڕش ئیسماعیل،گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕايگەیاند: "دوای ئەوەی لە ھەفتەی ڕابردوو لە شاری ڕانیە ژمارەیەک هاووڵاتی سکاڵایان لەسەر کەسێک تۆمارکرد کە بەمەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عومرە پارەی لێوەرگرتوون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایکردووە، ڕێکاری یاسایی و پێویستمان بەرانبەر ئەو کەسە گرتەبەر".

گوتیشی: "دوای بەدواداچوون و بەدەستھێنانی زانیاری، بۆمان دەرکەوت ئەو کەسە لە شاری سلێمانییە بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنیمان نارد بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکرد و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیمانیان کردەوە".

ئەوەشی ڕوونکردنەوە کە دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە ،دانی ناوە بەوەی کە بڕی شەش ھەزار و حەوسەد دۆلاری ئەمریکی لە ٦٧ کەس بە فێڵی ئەنجامدانی عومرە وەرگرتووە دواتر ڕایکردوە بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و دوای چەند ڕۆژێک گەڕاوەتەوە بۆ ھەرێمی کورستان و دەستگیرکراوە و ئێستا بەندکراوە.












باسنيوز
Top