وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پابەندی درێژکردنەوەی وادەی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هێلکە دەبێت
د. جەمال شوکری، بەڕێوەبەری کەرەنتینەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "هاوردەکردنی هێلکە بە هەموو شێوەیەک بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەیە. ئەو هێلکەی لەبازاڕەکان هەیە، بە قاچاخی هاوردەکراوە".
بەڕێوەبەری کەرەنتینەکان ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەبێت و وادەی قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هێلکە درێژدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی کیڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێداویستیی ناوخۆ زیاتر بەرهەمدەهێنن.
جەمال شوکری جەختی لەوە کردەوە، کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی ملیارێک و 400 ملیۆن هێلکەیان هەیە. ئەوە لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 750 ملیۆن هێلکەیە.
پێشتر حكومەتی عێراق هاوردەكردنی هێلكەی قەدەخەكردبوو. لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان و عێراقیش كار بە یەك پێناسی گومرگی دەكەن، هەرێمی كوردستانیش پابەندی ئەو بڕیارە بووە و هاوردەكردنی هێلكەی قەدەخەكرد.
ئەمرۆ وەزارەتی كشتوكاڵی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بڕیاری قەدەخەكردنی هاوردەكردنی هێلكەیان بۆ 3 مانگی یەكەمی ئەمساڵ درێژکردووەتەوە.
حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند، "وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەرنامەیەکی بۆ هاوكاریكردنی كەرتی ئاژەڵی، بەتایبەتی كێلگە پەرلەوەرییەكان، داڕشت. ئەوەش بووە هۆی زیادبوونی هێلكەدا و لە چەند مانگی داهاتوودا عێراق بەشی خۆبژێوی دابیندەكات و ئامادەكاریش بۆ هەناردكردنی دەکات.
لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی 11 پرۆژەی بەخێوکردنی مریشک بۆ بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، بەپێی ئامارەکانی ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە یەک ملیار و 200 ملیۆن هێلکە بەرهەمدەهێندرێن، بەپێی ستانداردەکان ئەگەر بێتو ساڵانە لە هەرێمی کوردستان هەر کەسێک 150 هێلکە بخوات، ئەوە هەرێمی کوردستان بە تەنیا پێویستی بە 850 ملیۆن هێلکە هەیە، بەڵام لە کۆی بەرهەمهێنانی هێلکە، 95%ـی هێلکەی بەرهەمهاتوو رەوانەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.
