ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیوە
حەمەتاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ڕايگەیاند: "بەنداوی دووكان كە ساڵی ڕابردوو بەتەواوەتی پڕ بوو و حەوت ملیار مەتر سێجا ئاومان تێدا كۆ كردەوە، بەهۆی زۆر بەردانەوەی و بەكارهێنانی بۆ خواردنەوە و بەرهەمهێنانی كارەبا ئێستا سێ ملیار و 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە، بەو پێیە بۆ زیاتر لە نیوەی ئاوەكە بەكار هێندراوە".
بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆ لە سنوورەكەمان نزیكەی 450 میلیمەتر باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تەنها 150 ملیمەتر باریوە، بۆیە نەتوانراوە وەك پێویست ئاو خەزن بكرێت و بەرنامەمان هەیە لە ئەمڕۆوە ئاو كۆ بكەینەوە و بەردانەوەی ئاوەكە بەپێی پێویست كەم بكەینەوە".
بەنداوی دووكان لە كۆتایی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن دوو كۆمپانیای فەڕەنسی و بریتانییەوە دروست كراوە كە بۆ كشتوكاڵ و گەشتیاری و بەخێوكردنی ماسی و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا سوودی لێ وەردەگیردرێت.
باسنيوز
