نێچيرڤان بارزانى: به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر ده‌ڕوانین

نێچيرڤان بارزانى: به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر ده‌ڕوانین
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێی زایینییەوە په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، لە پەیامێکدا به‌ بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێی زایینییەوە رایگەیاندووە، "هيواى سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و كۆتاييهاتنى قه‌يران و ئاڵۆزييه‌كان بۆ عێراق و ئاشتى و ئارامى بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان، ناوچه‌كه‌ و جيهان ده‌خوازم.".

دەقی پەیامەکە:

ساڵى تازه‌ له‌ هه‌موو كوردستانييان پيرۆز بێت، هيواى ساڵێكى پڕ له‌ كامه‌رانى و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان، بۆ جيهان و مرۆڤايه‌تى به‌گشتى ده‌خوازم. پيرۆزباييه‌كى تايبه‌ت له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان و له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان ده‌كه‌م، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى هه‌موو ئه‌و ئازيزانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ گيانى خۆيان به‌ كوردستان و به‌ ئازادى به‌خشى. هيواى سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و كۆتاييهاتنى قه‌يران و ئاڵۆزييه‌كان بۆ عێراق و ئاشتى و ئارامى بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان، ناوچه‌كه‌ و جيهان ده‌خوازم.

كوردستانييانى خۆشه‌ويست،

عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ دۆخێكى ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕن، رووداو و پێهشاته‌كان كاريگه‌رييان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانيش هه‌يه‌. ئێمه‌ به‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كهه‌ڵوێستى، ده‌توانين ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان ببينه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ بگه‌ينه‌ كه‌نارى ئارامى. له‌م پێناوه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌ كوردستانييه‌كان له ‌هه‌وڵه‌كانمان بۆ يه‌كڕيزى و ته‌بايى به‌رده‌وام ده‌بين. ئێمه‌ به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر ده‌ڕوانین.

له‌سه‌ر ئاستى عێراقيش وه‌ك هه‌ميشه‌ هاوكار ده‌بين و لايه‌نه عێراقييه‌كان هان ده‌ده‌ين كه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى خۆيان به‌رامبه‌ر به‌ وڵات جێبه‌جێ بكه‌ن و هه‌موو كێشه‌كان به‌ ديالۆگ و لێكگه‌يشتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكه‌ن. داوا له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيش ده‌كه‌ين بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر، له‌ پشتگيرى و هاوكاريكردنى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌رده‌وام بن.

كوردستانييانى خۆشه‌ويست، هه‌موو پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى كوردستان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ وڵاتى ماف و ئازادييه‌كان بۆ هه‌مووان و لانكه‌ى ئارامى سه‌قامگيرى و پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و فره‌يى و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكردن ده‌مێنته‌وه‌ و هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا كار ده‌كه‌ين و ئه‌و بنه‌ما و كولتووره‌ جوانه‌ ده‌پارێزين و به‌رگرييان لێ ده‌كه‌ين.

ساڵى تازه‌ له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌موو لايه‌ك پيرۆز بێت، هه‌ر له‌ خۆشى و كامه‌رانيدا بن.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
31/12/2019












باسنيوز
Top