ئەو هاونیشتمانییەی لە رانیە خۆی سووتاند، گیانی لەدەستدا
بەهار مەحموود، خاڵۆزای دڵشاد ساڵح هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند "کاژێر 10:30 خولەکی ئەمشەو (29-12-2019) لە رانیە و لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستدا".
ئەو هاونیشتمانییەی لەنێو باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانی رانیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، پێشتر راگەیاندبوو، بژێوی 20 کەس لە ئەستۆی ئەوە و بەتەنها ئەو زەوییە شکدەبات، سەرۆکی شارەوانی رانیەش رایگەیاندبوو کە داواکەی نایاسایی بووە بۆیە بۆی جێبەجێنەکراوە.
سهردار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی رانیە راگەیاند بوو "ئەو هاونیشتمانییە رۆژی 19ی ئەم مانگە سەردانی شارەوانی کرد، بەڵام لەبەرئەوەی داوایکرد خانوو لە شوێنێک دروست بکات کە زێدەڕۆیە و شوێنەکەی شەقامی گشتییە، نووسراومان بۆی نەکرد، چونکە پێچەوانەی یاسایە. دوای 10 خولەک لە وەڵامی ئێمە لەبەردەم شارەوانیی رانیە نەوتی بەخۆیدا کردووە و خۆی سووتاندووە".
رۆژی (پێنجشەممە 19-12-2019) دڵشاد ساڵح، لەبەردەم شارەوانی رانیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دوای چارەسەری سەرەتایی لە نەخۆشخانەی رانیە، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سلێمانی. بەگوتەی کەسوکارەکەیشی "دوای چەند رۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە، هێناویانەتەوە بۆ ماڵەوە و دواتر بەهۆی زۆری رێژەی سووتاویەکەیەوە گیانی لەدەستداوە".
