ئومێد خۆشناو دەنگۆیەک لەبارەی پرۆژەیاسای چاکسازی رەت دەکاتەوە

 ئومێد خۆشناو دەنگۆیەک لەبارەی پرۆژەیاسای چاکسازی رەت دەکاتەوە


سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەنگۆیەک لەبارەی پرۆژه‌یاسای چاكسازی رەت دەکاتەوە.

چەند ماڵپەڕێک دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە، کە 75 پەرلەمانتاری کوردستان بەهۆی ئەوەی لە پرۆژەیاسای چاکسازی خانەنشینیی پەرلەمانتاران نایانگرتەوە، هەوڵی گۆڕینی بڕگەکانی دەدەن.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی راگەیاند، ئەو دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە و ”هەوڵی لەو شێوەیە قبوڵکراو نییە“.

ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاند، بۆ پەلەکردن لە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی، پشووی زستانەی پەرلەمانکەم کرایەوە و هەندێک لێژنەی پەرلەمانیش کاری خۆیان لەسەر پرۆژەیاساکە تەواو کردووە.

هەروەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، چاکسازی لە هەموو سێکستەرەکان بە یەک پاکێج دەکرێت و دوای تەواوبوونی پشووی سەری ساڵ، پەرلەمان دەست بەکارکردن لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی دەکاتەوە.

رۆژی دووشەممە 16-12-2019، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی کرد و بە زۆرینەی دەنگیش سیفەتی بە پەلەی دایە پرۆژەیاساکە، تاوەکو لە ماوەیەکی کەمدا پەسەند بکرێت.

رۆژی چوارشەممە 11-12-2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆ بووەوە و پرۆژەیاسای چاکسازی پەسەندکرد.

رۆژی پێنجشەممە 12-12-2019، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان پرۆژەیاساکەی ناردە پەرلەمانی کوردستان.




باسنيوز
Top