سەڵاحەدین بەهادین: پەشیمان نین لە پشتیوانیکردن و پشتگیرکردنی ریفراندۆم
ماوەی 25 ساڵی رابردودا پەروەردەیەکی رەسەن و میانڕەوی جێبەجێکردوە
سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی کوردستان لە وتاری دەستپێکی کارەکانی کۆنگرەی هەشتەمی حزبەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، یەکگرتو لە ماوەی 25 ساڵی رابردودا "پەروەردەیەکی رەسەن و میانڕەوی" جێبەجێکردوە و ئەوەش بوەتە ناسنامەی کاری ئەوان.
دروستکردنی بەرەیەکی ئیسلامیان داوە و لەو پێناوەشدا ئامادەی هەمو کارێکی دەستپێشخەر بون
سەبارەت بە دۆخی ئیسلامیش لە کوردستان باسی لەوەکرد، لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا ئەوان هەوڵی یەکخستنی هێزە ئیسلامییەکان و دروستکردنی بەرەیەکی ئیسلامیان داوە و لەو پێناوەشدا ئامادەی هەمو کارێکی دەستپێشخەر بون و لەو پێناوەشدا سوپاسی بزوتنەوەی ئیسلامیان کردوە و سەرنجەکانی کۆمەڵی ئیسلامیشیان وەکو خۆی قبوڵکردوە.
ئەوان لەگەڵ سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنوسی کوردابون سەرەڕای ئەوەی رەنگە سەرنج لەسەر وردەکاری پرۆسەکە هەبوە
سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی و راپرسی هەرێمی کوردستانیش ئەمینداری گشتی یەكگرتو رونیکردەوە، ئەوان لەگەڵ سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنوسی کوردابون سەرەڕای ئەوەی رەنگە سەرنج لەسەر وردەکاری پرۆسەکە هەبوبێت، بەڵام ئەوە بەشێک بوە لە دروشمەکانی کۆنگرەی پێشوی یەکگرتو.
خۆپیشاندانەکانی ئیستای عێراق مایەی لەسەر وەستانەو پێویست دەکات گوێ لە داواکارییەکانیان بگیرێت
لەسەر دۆخی ئێستای عێراقیش سەڵاحەدین بەهائەدین ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوان هەر لەسەرەتای دروستبونیانەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بەشداربون و لەو کاتەشەوە بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی عێراق، خۆپیشاندانەکانی ئیستای عێراقیش مایەی لەسەر وەستانەو پێویست دەکات گوێ لە داواکارییەکانیان بگیرێت و لە هەمان کاتیشدا دەبێت ئاسایشی وڵات بە بایەخەوە وەربگیرێت.
خەندان-
