لە کەرکووک تورکمانەکان لە دژی دامەزراندنەکان خۆپیشاندان دەکەن
عەبدولڕەحمان محەممەد، تورکمانێکی خەڵکی کەرکووکە و 10 ساڵە پاسەوان و خزمەتگوزاری بێمووچەیە. سەرەتا کە فەرمانەکەی لە باخچەی ساوایانی جۆنبتلەر بۆ دەرچووە، بەڵێنیان داوەتێ دوای ساڵێک دایبمەزرێنن، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لەپێناو دامەزراندنیدا دەرگا نەماوە لێینەدات و هێشتا ئەو بەڵێنەی بۆ جێبەجێنەکراوە.
عەبدولڕەحمان محەممەد، پاسەوانی بێمووچەیە و دەڵێت "نازانین کەی دادەمەزرێین. هەموو ساڵێک پێماندەڵێن ناوتان بۆ بەغدا نێردراوە؛ دەڕۆین بۆ بەغدا، دەڵێن: درۆیە و دامەزراندن لەلای خۆیانە".
خۆپیشاندەرە تورکمانەکان بە درووشمی "نەخێر، نەخێر بۆ گەندەڵی" لەبەردەم پەروەردەی کەرکووکدا کۆبوونەوە و زۆربەیان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن و داوای دامەزراندن دەکەن. ئەو خۆپیشاندانە لەسەر داوای بەرەی تورکمانی رێکخراوە.
بەیرەقدار ئوغلوو، بەرپرسی رێکخراوە تورکمانییەکان راگەیاند " بە ئاشکرا تورکمان و کورد پەراوێزدەخرێن و دامەزراندن تەنیا بۆعەرەب تایبەتکراوە".
خۆپیشاندەرێک کە دەرچووی زانکۆیە، دەڵێت "ئێمە وەکو تورکمان پێش 16ی ئۆکتۆبەر نەتەوەی دووەم بووین. ئەمڕۆ بووینەتە نەتەوەی سێیەم و کەمینە".
بەشێک لەو خۆپیشاندەرانە مامۆستایانی وانەبێژ بوون کە ساڵانێکی زۆرە وانەبێژن و هێشتا فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرنەچووە.
مامۆستایەکی وانەبێژ ئاماژە بەوە دەکات "ئێمە 10 ساڵە وانەبێژین و دەمانەوێت پلەیەکی دامەزراندنمان بدەنێ".
خۆپێشاندانەکە دژی دامەزراندنی زۆرینەی عەرەب و تەرخانکردنی پشکی کەمە بۆ تورکمان.
رۆژی پێشنجشەممە بڕیاربوو دامەزراندنی دوو هەزار و 841 کەس وەک مامۆستا و فەرمانبەر لە پەروەردەی کەرکووک رابگەیەنرێت، بەڵام بەهۆی گوشاری خۆپیشاندان و پێکهاتەکانەوە راگەیاندنەکەی دواخرا.
عەبدولسەلام سەمەد، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک چووە لای خۆپیشاندەران و ئەوەی خستەڕوو "راگەیاندنی ئەنجامی دامەزراندن بۆ کۆتایی ساڵ دواخرا، ئیشەڵڵا داواکارییەکانتان بۆ بەغدا دەنێرین".
کوردیش لە شێوازی پرۆسەکە ناڕازییە کە هەوڵنەدراوە هاوسەنگیی تێدا بپارێزێت. لە رێگەی ئەمانەی گشتیی پەرلەمان و حکومەتەوە گوشار بۆراگرتنی دامەزراندن بەو جۆرە دەستپێکردووە.
مەریوان نادر، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "هەموو لایەنەکان پشتیوانییان کردووین بۆ ئەوەی هاوسەنگی رەچاوبکرێت، بەڵام بەداخەوە وەزیری پەروەردە تاوەکو ئێستا گوێی بە داواکارییەکانی ئێمە نەداوە. ئەوەی ئێمە لێیدەترسین، ئەوەیە زۆرترین عەرەب دابمەزرێت و هەوڵ هەیە کوردی لێ بێبەشبکەن".
بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 800 پلەی دامەزراندن 70 هەزار فۆڕم پێشکەشکراوە. بەپێی زانیارییەکان پەروەردەی کەرکووک زیاتر لە 60%ی دامەزراندنەکەی بۆ عەرەب و 40%ی بۆ هەردوو پێکهاتەی کورد و تورکمان تەرخانکردووە. تەنیا حەویجە نزیکەی هەزار پلەی بۆ تەرخانکراوە کە زیاترە لە پشکی ناوەندی کەرکووک.
