پەرلەمان تەمەنی خانەنشینیی پزیشک و مامۆستایانی زانکۆ هەمواردەکاتەوە
د.ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند "ئەمڕۆ لە پەرلەمان گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەمی هەموارکردنەوەی خانەنشینی یەکگرتوو دەکرێت، داوا دەکرێت تەمەنی خانەنشینیی مامۆستایانی زانکۆ، پزیشکان، هەندێک ئەفسەرانی پلە باڵا لە یاسادا هەڵاوێردرێن نەک لە تەمەنی 60 ساڵی خانەنشین بکرێن، چونکە وڵات پێویستی بەو پسپۆریانەیە".
هەر لە دانیشتنەکەدا پەرلەمان یاسای هەمواری یەکەمی یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی و پرۆژە یاسای هەمواری دووەمی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی تاوتوێ دەکات کە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "هەموارکردنەوەی یاسای کارگێڕیی دارایی بابەتێکی دیکەیە. پەرلەمان دەیەوێت بڕگەی خەرجکردنی پارەی پرۆژەکان هەمواربکاتەوە، چونکە بەگوێرەی یاساکە لەگەڵ ساڵی نوێ پارەی خەرجنەکراوی پرۆژەکان راستەوخۆ دەگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت و بەوەبەش پرۆژەکانی وەبەرهێنان دەوستن. بەڵام لەو هەموارکردنەدا پارەکە ناگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت، بەڵكو بەردەوام دەبێت لە خەرجکردن بۆ ئەوەی پرۆژەکان بەردەوامبن و رانەوەستن".
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەدا پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەسەند کرد کە لە 50 ماددە پێکهاتووە. بەبێ رەزامەندیی کورد و چەند لایەنێکی دیکە پەسەندکردنی ماددەکانی 15 و 16ی یاسای هەڵبژاردنی تێپەڕاند.
