ئەكرەم ئیمامئۆغلوڵوو: دەبێ بەپەلە پڕۆژەی گەرووی ئیستەنبۆڵ هەڵبوەشێتەوە

ئەكرەم ئیمامئۆغلوڵوو: دەبێ بەپەلە پڕۆژەی گەرووی ئیستەنبۆڵ هەڵبوەشێتەوە
پڕۆژەی (گەرووی ئیستەنبۆڵ) كە خەونە گەورەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانە، تا دێت ناكۆكی دەخاتە نێوان ئۆپۆزسیۆن و حكوومەتەوە، بەوەی ئۆپۆزسیۆن بە كارەساتێكی گەورە بۆ سەر ئایندەی ئیستەنبۆڵ ناوی دەبات، حكوومەتیش بە پڕۆژەیەكی مێژوویی و پڕ بایەخ ناوی دەبەن.

ئەكرەم ئیمامئۆغلوو، سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ، لە پرێس کۆنفرانسێکدا وەك هەڕەشەیەك بۆ ئەردۆغان گوتی: "بابەتەكە زۆر روونە و دەبێ یەكیان هەڵبژێرێت، یان ئیستەنبۆڵ یان گەرووی ئیستەنبۆڵ، بەڵام ئەگەر كەناڵی ئیستەنبۆڵ هەڵبژێرن، دەبێ وەك شار دەست لە ئیستەنبۆڵ بشۆنەوە".

ئیمامئۆغلوو ئاماژەی بەوەش داوە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە وا دەكات، ئیستەنبۆڵ بێ ئاو بێت و مەترسیی بوومەلەرزە زیاد دەكات و ژینگەش پیس دەبێت.

سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ بۆ رای گشتیی توركیای ئاشكرای كرد، ئەو شوێنەی ئەو پڕۆژەیەی لێ دروست دەكرێت،٧٠٪ی فرۆشراوەتە كۆمپانیا عەرەبەكان و سەر بەوانن، بۆیە پڕۆژەكە سوودی بۆ ئەوان دەبێت و زیانیشی بۆ ئیستەنبۆڵ.

وەزارەتی ژینگەی توركیاش ئاشكرای دەكات، كە هەموو رێكارێكیان ئەنجام داوە و پڕۆژەكە جێبەجێكردنی هیچ كێشەیەكی نییە و هیچیش مەترسی نییە بۆ سەر شارەكە.

ئیمامئۆغلو ئاشكرای دەكات، كە ئەو پڕۆژەیە وا دەكات ئیستەنبۆڵ كە تەمەنی ٨ هەزار و ٥٠٠ ساڵە، ئەوەی لەژێر و لەسەر زەوی هەیەتی، لەناو بچێت و كارەساتیش روو دەدات.

وەكو ئەوەی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ ئاماژەی بۆ كرد، جێبەجێكردنی پڕۆژەكە وا دەكات، بە ملیۆنان دار لە دارستانەكان لەناو ببرێت و سروشتی جوانی ئیستەنبۆڵ بە رێژەیەكی بەرچاو لەناو دەچێت، هەروەها ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار ژمارەی دانیشتوانیش زیاد دەكات لەسەر حیسابی ژینگە و پیسبوونی ژینگەی شارەكە.

جەهەپە داوای یاسایی لە دادگای دەستووری توركیا تۆمار كرد و داوای كردووە پڕۆژەكە رابوەستێت، بەڵام دادگای دەستووری داواكەی رەت كردەوە. بۆیە جەهەپە بە نیازە دۆسیەكە بباتە دادگای دەستووری ئەورووپا، هەروەها داواشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، بۆ راگرتنی پاكبوونی ژینگە رێگە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی كەناڵ ئیستەنبۆڵ بگرن.

پرۆژەی "گەرووی ئیستەنبۆڵ" کە حکوومەت لە نێوان دەریای مەڕمەڕە و دەریای ڕەشدا سازی دەکات، پرۆژەیەکی گەشتیاری، بازرگانی و ڕیاگای دەریاییە و فرۆشراوەتەوە کۆمپانیاکانی میری قەتەر و ئەمەش بووەتە کێشەیەک لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.












باسنيوز
Top