شەوی سەری ساڵ لە هەولێر چی دەکرێت؟
تەنیا هەفتەیەک ماوە بۆ هاتنی جەژنی سەری ساڵی زایینی کە شەوی ٣١ی ١٢ی ٢٠١٩ لەسەر ١ی ١ی ٢٠٢٠، وەک هەموو ساڵێک، خەڵکی لە هەموو جیهاندا ئاهەنگ دەگێڕن.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بەردەوامیی شەڕی تیرۆریستانی داعش و وەک ڕێزگرتنێک لە شەهیدان، هیچ ئاهەنگێکی فەرمی لە شاری هەولێر ئەنجام نەدراوە. بۆ ئەمساڵ، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رايگەیاند: ”وەکوو حکوومەت ئامادەکاری بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ نەکراوە، بەڵام یاری ئاگرینمان دەبێت لە نێو باخی شار، جگە لەوەش تایبەتمەندییەک بە عەنکاوە دراوە“ .
روونیشی کردەوە کە لە هەندێک شوێندا، کەرتی تایبەت خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگ و مەراسیمی جۆراوجۆر بۆ جەژنی سەری ساڵ ئامادە کردووە. گوتیشی: ”شەوی سەری ساڵ، سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی هاتوچۆ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، ئامادە دەبن“.
پارێزگاری هەولێر پێشبینیی ئەوە دەکات، لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە خەڵکێکی زۆر بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵ، ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
باسنيوز
