پۆلیسێكی كورد لە كێڵگەی نەوتی خەبازەی کەرکووک شەهید کرا

پۆلیسێكی كورد لە كێڵگەی نەوتی خەبازەی کەرکووک شەهید کرا
شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێكی چەكدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر كێڵگەی نەوتیی "خەبازە" لە پارێزگای كەركووك، كارمەندێكی پۆلیسی پاسەوانی كێڵگەكە لە نەتەوەی كورد شەهید بوو.

بەپێی زانیارییەکان لە کەرکووک، "شەوی ڕابردوو 24/12/2019 چەكدارانی تیرۆریستی داعش هێرشیان كردووەتە سەر كێڵگەی نەوتی خەبازە لە سنووری پارێزگای كەركووك و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا كارمەندێكی پۆلیسی پاسەوانی كێڵگەكە لەنەتەوەی كورد شەهید بووە و 2 كارمەندی دیكەش بریندار بوون".

بەپێی زانیارییەكان "شەهیدەكە ناوی (وەلید حەمید)ە و لەدایكبووی ساڵی 1971 ە و خەڵكی قەزای خورماتووە و ئێستا لە گەڕەكی "یەكی حوزەیران"ی كەركووك نیشتەجێیە".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەوتی باكوور، لە ڕاگەیەندراوێكدا، ڕای گەیاندووە "شەوی ڕابردوو 24/12/2019 یەكێك لە كارمەندانی فەوجی پۆلیسی نەوت و غازی باكوور لە كاتی پارێزگاریكردن لە كێڵگەی نەوتی خەبازە، بەدەستی گرووپە تیرۆریستییەكان شەهید بووە".

هاوکات جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقین پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: " دوێنێ سێشەممە ھێزێکی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر کێڵگەی نەوتیی "نەفتخانە" لە نزیک خانەقیندا گرتووە"

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "ھێزیکی زۆری حەشدی شەعبی ھێنراوەتە نەفتخانە و ئەم گرووپانە ھەر کەسە و ناوچەیەکی داگیر کردووە، بەتایبەت ناوچە نەوتییەکان و نەفتخانەش لەو چوارچێوەیەدا داگیر کراوە".

شێخ جەعفەر مستەفا ڕاشی گەیاند ئەو ھێزەی ھاتووەتە نەفتخانە سەر بە گرووپەکانی سوپای بەدر و سائیروون" و خزعەلین و مەرزەکانی مەندەلیشیان کۆنترۆڵ کردووە و دەستیشیان بەسەر نەفتخانەدا گرتووە".












باسنيوز
Top