هەدەپە چوارەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت

هەدەپە چوارەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت
بڕیارە لە كۆتایی مانگی شوباتی 2020 پارتی دیموكراتی گەلان )هەدەپە( بچێتە ناو كۆنگرەی چوارەمەوە، لەو كۆنگرەیەشدا چەندین گۆڕانكاری روو دەدەن، كە دیارترینیان كشانەوەی پەروین بوڵدانە لە هاوسەرۆكی هەدەپە.

لە دوای دەستگیركردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە، ئەو پارتە یەك كۆنگرەی ئەنجام داوە، لە كۆنگرەش شوێنگرەوە بۆ هاوسەرۆكانی هەدەپە دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ دیاری كرا، كە پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللی بوو.

ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا بڵاویان كردەوە، هەدەپە لە كۆتایی مانگی شوباتی 2020دا دەچێتە ناو چوارەمین كۆنگرەی خۆیەوە و لە ئێستاشەوە ئامادەكاری كراوە.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە، جارێكی‌تر بۆ هاوسەرۆكی هەدەپە خۆی كاندید ناكاتەوە، ئەویش بەهۆی خراپیی رەوشی تەندروستی كە رێگەی نادات لەو ئەركەی بەردەوام بێت. چەند میدیایەكی توركیش ئاشكرای دەكەن، كە ئایلا ئاكات بەهێزترین كاندیدە بۆ شوێنگرەوەی بوڵدان، بەڵام سەزایی تەمەللی هاوسەرۆكی هەدەپە نیازی هەیە لە پۆستەكەی بمێنێتەوە و هەدەپەش لە ئەدا و كاركردنی ئەو رازییە.

بە گوێرەی یاسای توركیا، هەر كەسایەتییەكی سیاسی سزای زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت و سزایەكەش ساڵێك تێپەڕێنێت ناتوانێت وەكوو سەرۆكی پارت یان ئەندام پەرلەمان دەست بەكار بێت، بۆیە دەمیرتاش ناچار كرا دەستبەرداری هاوسەرۆكی هەدەپە بێت، بەڵام چەند دەنگێك لەناو هەدەپە بەرز بووەتەوە، كە حكوومەتی توركیا زۆر نەرمی دەنوێنێت بەرامبەر بەوەی لەنگەر دروست نەكات بۆ ئەوەی دەمیرتاش ببێتەوە بە هاوسەرۆكی هەدەپە، بۆیە داوا دەكەن بەرلە ئەنجامدانی كۆنگرە لەگەڵ حكوومەت یەكلایی بكەنەوە، كە لەنگەر دروست نەكات ئەگەر دەمیرتاش بكەنەوە هاوسەرۆكی هەدەپە.

ئەگەر هیچ بەربەستێكی یاسایی نەیەتە پێش، دەمیرتاش بۆ هاوسەرۆكی هەدەپە هەڵدەبژێردرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەربەست دروست بوو، ئەگەر زۆرە سەزایی تەمەللی ببێتەوە بە هاوسەرۆكی هەدەپە.

كۆنگرەی ئەمجارەی هەدەپە زۆر گرنگ دەبێت، چونكە جگە لەوەی بەرنامە دادەڕێژن بۆ ئەوەی بەرامبەر بە حكوومەت کە دەیان سەرۆك شارەوانیی هەدەپە لەکار دوور خراونەتەوە چ هەڵوێستێكیان هەبێت، لە هەمانكاتدا چەند دەموچاوێكی تازە دێنە پێشەوە و لەو ڕووەوە دەیانەوێت ئاستی جەماوەر زیاد بكەن و بەهێزتر لە جاران دەربكەونەوە.












باسنيوز
Top