لە هێرشێکی داعش لە کەرکووک پۆلیسێکی کورد کوژرا و دووی دیکە برینداربوون
ئەمشەو چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەی نەوتی خەبازە لە نزیک گوندی ئیدریس خەزعەل لە سنووری قەزای دوبز و بەو هۆیەوە کارمەندێکی پۆلیسی وزە بە ناوی "وەلید حەمید" کە کوردە و خەڵکی خورماتووە، کوژراوە و دووی دیکە برینداربوون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق راگەیێندراوێک لەبارەی هێرشەکەی چەکدارانی داعشەوە بۆ سەر کێلگەی نەوتی خەبازە بڵاودەکاتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعشەوە بۆ سەر کێڵگەی نەوتی خەبازە لە پارێزگای کەرکووک، کارمەندێکی پۆلیسی وزە لە فەوجی پاراستی گازی باکوور کوژراوە و دووی دیکە برینداربوونە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەوە دەخاتەڕوو، دواتر هێزە ئەمنییەکان پرۆسەیەکی گەڕان و پشکنینیان ئەو چەکدارانەی داعش دەستپێکردووە.
ئەم هێرشەی شانە نووستووەکانی داعش لەکاتێکدایە کە رۆژی یەکشەممە 22-12-2019 وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی فیرقەی 14ی سوپای عێراق لە چیای قەرەچووخ و لە رێگەی کامێرای چاودێریی لێزەرییەوە کۆمەڵێک چەکداری داعشیان بەدیکردووە کە هەوڵیاندەدا هێرش بکەنە سەر خاڵێکی سوپا کە لە هێڵی بەرگری جێگیرکراون و لە ئەنجامدا 12 کەسیان لێ کوشتوون.
رۆژی 19-12-2019ـیش سەنتەری میدیایی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەکدارانی داعش هەوڵیانداوە دزە بکەنە نێو گوندی عەلی رەش لە سنووری شارۆچکەی باقرت لە قەزای مەخموور، بەڵام لەلایەن دانیشتووانی ئەو گوندەوە کە سەرجەمیان کوردن، پەلامارەکەیان تێکشکێندراوە.
له ماوهی دوو مانگی رابردوودا ناوچهکانی كوڵهجۆ، شێخ بابا، قهرهبڵاغ، دهكه، چواردهوری خانهقین و کەرکووک جووڵهی چهكدارانی داعش تیایاندا زیادیكردووه، دهیان خێزان بهو هۆیهوه ناوچهكهیان چۆڵكردووه و هێزهكانی عێراق و پێشمهرگه دهیانەوێت ئارامی بۆ سنوورهكه بگهڕێننهوه.
