عەرەفات کەرەم: دەبێ سەرۆکی حکوومەتی نوێی عێراق پابەندی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بێت
شاندێکی پارتی لە بەغدایە و لەبارەی پرسی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکات.
عەرەفات کەرەم، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمان عێراق و ئەندامی شاندەکە رايگەیاند، سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراق پشکی لایەنە شیعەکانە، بەڵام ”دەبێ کەسێک بێ بە کەڵکی ئەو قۆناغە بێت“.
عەرەفات کەرەم هەروەها رایگەیاند، هەر کێ ببێتە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، دەبێ پابەندی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بێت.
پێش دەست لەکار کێشانەوەی، عادل عەبدولمەهدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کورداستان لەبارەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، رێک کەوت.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
باسنيوز
