پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و خولی زستانە درێژدەکرێتەوە

پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و خولی زستانە درێژدەکرێتەوە
بڕیاردەری لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند؛ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و چوار تەوەر گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

جەلال محەممەد، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند "رۆژی سێشەممە 24-12-2019 پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەبڕیاری رۆژانی بۆنەفەرمییەكانی نەتەوەی توركمان دەكات. خولی زستانەی پەرلەمان ماوەکەی درێژدەکرێتەوە، کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەم وەرزەی یاسادانان کۆتاییدێت".

بڕیاردەری لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "لە تەوەری سێیەمدا رێکخستنەوە بۆ لیژنەکانی پەرلەمان دەکرێت؛ هەندێک ئەندامی پەرلەمان لە لیژنەکاندا دەستبەکاردەبن. هەرچی تەوەری چوارەمە بیرۆکەیەک لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە لەبارەی بابەتێکی گشتییەوە دەخرێتەڕوو".

لەگەڵ ئەوەی پرۆژەیاسای چاکسازی سیفەتی بەپەلەی پێدراوە، بڕیاردەری لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمان باسی لەوەکرد، پرۆژەیاسای چاكسازی نەخراوەتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەوە.

لەکۆبوونەوەی 10-12-2019ـی پەرلەماندا، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پێشنیازەبڕیارى (رۆژانی بۆنه‌فه‌رمییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ى توركمان) کرا.

لە پرۆژەبڕیارەكەدا هاتووە، 25ـی شوباتی هەموو ساڵێك بكرێتە رۆژی رۆژنامەگەری كە لەساڵی 1911 بەناوی حەوادیس بە زمانی توركمانی لە كەركووك دەرچووە. هەروەها رۆژی 17ـی 11 بكرێتە رۆژی زمان و كولتووری توركمان كە لەم رۆژەدا لە ساڵی 1993 یەكەم قوتابخانەی توركمانی لە شاری هەولێر كرایەوە.

کۆبوونەوەی پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی ساڵی یەکەمە و کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت، کە سەرۆکی پەرلەمان بە نووسراوی فەرمی بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کردووە بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکە
Top