پەکەکە بە ناوی کەمپینی ژنانەوە دەچێتە نێو چەند قوتابخانەیەکی کچان لە سلێمانی

پەکەکە بە ناوی کەمپینی ژنانەوە دەچێتە نێو چەند قوتابخانەیەکی کچان لە سلێمانی
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی کەمپینێک بە ناوی ژنان، دەچێتە نیو چەند قوتابخانەیەکی کچان لە شاری سلێمانی و چەندان کاتژمێر قسە بۆ کچانی نەوجەوان دەکەن.

لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیجێک بە ناوی (گۆڤاری ترووسکە) کە لەوە دەچێت لە لایەن کادیرانی پەکەکەوە سەرپەرشتی بکرێت، چەندان وێنەی ئەنجامدانی زنجیرە سمینارێکی لە ژێر ناوی کەمپینی ژنانی (دژی داگیرکاری و ژن کوشتن، بێدەنگی بشکێنە) بڵاو کردووەتەوە کە وادەردەکەوێت، سەردانی چەندان قوتابخانە و پەیمانگایان لە سلێمانی کردووە.

یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەی کە لە سمینارەکەی قوتاخانەی (جەمال تاهیر)ی ئامادەیی لە سلێمانی سیمینارەکەی ئەنجام داوە، ناوی نەجیبە عومەرە کە پێشتر هاوسەرۆکی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان (پەچەدەکە) بووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ قەندیل و نازناوی (ڕۆژگار)ی پێدراوە.

کارکردنی پەکەکە و هەر حزبێکی دیکە لەسەر قوتابییان لە نێو ناوەندەکانی خوێندن، بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان قەدەغەکراوە و نابێت لایەنە سیاسییەکان بە هیچ پاساوێک، بچنە نێو قوتابخانەکان و کاری سیاسی ئەنجام بدەن.

لە سەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکوو ئێستا، یەکێک لە دیارترین ئامرازەکانی دروستکردنی هێزی چەکدار لە لایەن پەکەکە، خەڵەتاندنی مێردمنداڵ و نەوجەوانانی هەر چوار پارچەی کوردستانە لە ڕێگەی جۆراوجۆر کە یەکێک لە بەرچاوترین ڕێگەکان، دروستکردنی گرووپگەلی جۆراوجۆرە.













باسنيوز
Top