دیندار زێباری: پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لەناو دەسەڵاتدا ڕۆڵیان پێ دراوە

دیندار زێباری: پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لەناو دەسەڵاتدا ڕۆڵیان پێ دراوە
کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکان(USCIRF) لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی رەوشی ئایینەکان لە ساڵی 2019 بڵاو کردەوە، لە بەشی عێراقی راپۆرتەکە تیشکی خست سەر رەوشی ژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و هەرێم و ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕوویان بوونەتەوە، بەتایبەتی دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان ئەنجام دران.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: ئێمە پێشوازی لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی ناوبراو دەکەین بۆ ساڵی 2019 سەبارەت بە رەوشی پێکهاتە ئایینییەکان، ساڵانە کۆمیسیۆنی ناوبراو راپۆرتی خۆی بڵاو دەکاتەوە، ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سەرنج و تێبینییەکانیان دەکەین تاکوو زانیاریی تەواویان لەسەر رەوشی ئەم پێکهاتانە هەبێت، و روونکردنەوەکانی خۆمان بە پشتبەستن بە راستییەکان و داتا و زانیاری پێشکەش بە کۆمیسیۆنی ناوبراو دەکەین.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی راپۆرتەکە زیاتر گوتی: دوای ئەوەی بە چەند راپۆرتێک لە ساڵانی رابردوودا وەڵامی کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکان دایەوە و واقیعی ژیانی رۆڵەکانی پێکهاتەکانمان روون کردەوە، کۆمیسۆنەکە لە راپۆرتی ساڵی 2019یان ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت لەخۆگرتنی پێڕەوانی گشت ئایین و نەتەوە و مەزهەبەکان بەبێ جیاوازی و حەواندنەوەیان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان دوای هێرشی تیرۆریستان داعش، ئاماژە بەوەش دەکات ڕۆڵەکانی پێکهاتە ئایینییەکان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە جیاواز لە دەسەڵات و وڵاتانی تر حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری بە پێکهاتەکان داوە لە گشت بوارەکانی ژیان تەنانەت لە دەسەڵاتی بڕیاردانیش رۆڵی خۆیان پێدراوە و لە پەرلەمان و حکومەتدا بەشدارییەکی کارایان هەیە.

لە راپۆرتی ساڵانەیدا کۆمیسیۆنەکە، حکوومەتی هەرێم هان دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان لە هەرێم بۆ ئەوەی گیانی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان پتەوتر بێت، لەم رووەوە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: سەبارەت بە کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان، ریشەی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و ئەو سیاسەتە شۆڤینیەی کە پەیڕەوی دەکرد بۆ تێکدانی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، سەرەڕای ئەمەش دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستییان ناوە. لەلایەکی ترەوە حکوومەت قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانەی کردووە کە زەوییەکانیان لەدەست داوە لە موسڵمان و کریستیان، بەشێک لەو زەوییانە بۆ خزمەتگوزاریی گشتی سوودی لێ وەرگیراوە و بە باشتربوونی دۆخی دارایی و ئابووری هەوڵ دەدرێت ئەوانەی کە ماون قەرەبوو بکرێنەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بوونی رۆڵی پێکهاتەکان لە هێزە ئەمنییەکان گوتی: حکوومەتی هەرێم بە یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای (پاراستنی مافی پێکهاتەکان) گشت مافی پێکهاتەکانی دیاریکردووە، لە بواری پەروەردە و کەلتوورییەوە مافەکانیان دابین کراوە لە رووی خوێندن و بڵاو کراوە بە زمانی تایبەتی خۆیان، هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکوو هێزێکی نیزامی کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەکرێت رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پاراستنی سنوورەکانی هەرێم و هەوڵی داوە گشت هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بکاتەوە هەر لەم چوارچێوەیەدا و لە ساڵی 2014 پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش بە فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێم کوردستان، هێزی فەرمی تایبەتی بۆ کریستیان و ئێزدییەکان دامەزراوە کە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.














باسنيوز
Top