پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی پێشمەرگەدا دەکرێت
رێڤینگ هرووری، سەرۆکی لیژنهى پێشمهرگه و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند "بۆ سەرجەم پێشمەرگەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە یەکەی 70 و 80یشەوە یەک یەکەی ژمێریاریان بۆ دەکرێتەوە. پێداچوونەوەش بە لیستی مووچەی پێشمەرگەدا دەکرێت."
سەبارەت بە مووچەی پلە باڵاکان، رێڤینگ هرووری دەڵێت "پێداچوونەوە بۆ مووچەی پلە باڵاکان دەکرێت، چونکە زۆرن ئەوانەی بە پلەی بەرز خانەنشینکراون و پێشمەرگە نەبوون، یانیش ئەو پلەیەی پێی خانەنشینکراون بەرزە. بە هەموو شێوەیەک خانەنشینییەکە بەجۆرێک دەبێت کەسانی شایستە مافخوراو نەبن."
لەبارەی دەرماڵەی بڕوانامە و منداڵ و خێزان، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی "پێشتر خەرجکردنی ئەو دەرماڵەیە بۆ پێشمەرگە بە بڕیارێک وەستابوو، دەکرێت بە رێنمایی جارێکی دیکە دەستی پێبکرێتەوە".
رۆژی 16-12-2019 پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی كرد کە لە 19 ماددە پێکهاتووە، پاشان ئاراستەی حەوت لیژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمانی كرد تاوەکو ئەوانیش گفتوگۆی لەسەر بكەن و راپۆرت و تێبینی خۆیانی لەسەر بدەن. لەنێو ئەو لیژنانەی راسپێدراون راپۆرتی خۆیان لەوبارەوە ئامادەبکەن لیژنەی پێشمەرگە یەکێکە لەوان.
