"ڕێگای هەشت گوندی کریستیان لە ئاکرێ چاک دەکرێن "
ڕوبینا تیاری، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "پڕۆژەی ڕێگای ھەشت گوندی کریستیانەکان لە دۆڵی نەھلێی سنووری قەزای ئاکرێ جێبەجێ دەکرێت، کە پێش قەیرانی دارایی بڕیار بوو پڕۆژەی ڕێگای گوندە کریستیانەکان جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەھۆی قەیرانی داریی و شەڕی داعشەوە ڕاگیرابوو."
ئەو نوێنەرەی کریستیانەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "خەڵکی ئەو دەڤەرە داواکاریی خۆیان گەیاندووەتە ئێمە، وەک نوێنەری کریستیانەکان، دوای ھەوڵێکی ئێمەش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەربڕیوە."
ڕوبینا تیاری دەڵێت: "پڕۆژەی ڕێگای گوندە کریستیانەکانی ئاکرێ سوودێکی ئێکجار زۆری ھەیە بۆ خەڵکی ناوچەکە، لە لایەکی دیکەشەوە کاریگەریی لەسەر گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاریش دەبێت، چونکە بەھۆی خراپیی ڕێگاکەوە ئاستەنگ بۆ ھەموو کەرتەکان دروست ببوو."
