”خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دوای کۆنگرە تەسفییەی ناوخۆیی یەکێتی دەکەن“

”خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دوای کۆنگرە تەسفییەی ناوخۆیی یەکێتی دەکەن“
ئەندامێکی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان کە پێش دامەزراندنی بزووتنەوەکە کادیرێکی دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە لە هەولێر، ئاشکرای کرد کە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پارە و چەک و دەزگای سیخووڕیی حزب بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەیان بەکار دەهێنن.


کاروان ساڵح لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، ”ئەو هەموو باڵ و گرووپ و بەرپرسەی یەکێتی لە پاش کۆچی دوایی مام جەلال، بە کەس کۆنتڕۆڵ ناکرێت“. لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەی تاڵەبانی حزبەکە ”وەک موڵکی خۆیان دەبینن“.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووتری گۆڕان پێیوایە، ئەوانەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان ئەنجام دا لەنێو یەکێتیدا، لە پاش کۆنگرە، ”تەسفیە حیساباتی خۆیان دەکەن“. گوتیشی: ”گرووپەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پارە، چەک، دەزگای ئەمنی و سیخوڕی کار بۆ تەسفیە حیساباتی ناوخۆیی یەکێتی دەکەن و بەرنامەشیان بۆ داناوە“.

باسیشی لەوە کرد کە لە ئێستاوە، قەڵاچۆکردنی یەکێتییە ڕاستەقینەکان، بەتایبەتیش ئەوانەی لە دەرەوەی بیرکردنەوەی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرن، دەستی پێکردووە.

کاروان ساڵح پێیوایە کە پێش دەستپێکردنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، ”هەموو شتەکان یەکلا کراونەتەوە ئینجا کۆنگرە بەستراوە“.

گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەو کەسانە دەگوترێت کە دیارترینیان لاهوور جەنگی بووە، لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی عێراق کرد و لە ئەنجامیشدا زیاتر لە نیوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کەوتنە دەست میلیشیاکان. ئەو کاتە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی، لەنێویشیاندا (کۆسرەت ڕەسووڵ، مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر و نەجمەدین کەریم)، گرووپەکەیان بە خیانەتکار ناو برد. لەپای ئەو خیانەتەش کە ئەو گرووپە کردیان، کۆمەڵێک کادیری دیار و باڵای یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، وازیان لەو حزبە هێنا.










باسنیوز
Top