هەولێر.. جەخت لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دەکرێتەوە
ئەمڕۆ شەممە 2019.12.21، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری فەرمانگە و بەڕێوەرایەتییەکانی سەنتەری شار و دەرەوەی سەنتەری شاری هەولێر کۆبووەو بەمەبەستی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئامادەکارییەکان بۆ جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح و جەژنی سەری ساڵ و بەدواداچوون لەسەر کار و خزمەتگوزاری شارەوانییەکان.
لەکۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ بە باشترین و جوانترین شێوە سەنتەری شار و سەنتەری شارۆچکەی عەنکاوە بڕازێندرێتەوە بۆ جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح و جەژنی سەری ساڵ.
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە دەبێ بە خێرایی ئامادەکارییەکان تەواو بکرێ و لە ڕووی هاتوچۆشدا کارئاسانی زۆر بۆ هاوڵاتیان بکرێ و تەواوی ئامادەکارییەکان لە ئاست خۆشییەکان و خزمەتی هاوڵاتیاندابێت.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بەدواداچوون لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کار و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانییەکان کرا و جەخت لەسەر ڕێنماییەکانی کۆبوونەوەکانی پێشوتر سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی شۆستەکان و پڕکردنەوەی چاڵی شەقامەکان بە شێوەیەکی ئەندازەیی و گرتنەبەری ڕێکاری زیاتر بۆ ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆیی سەر مۆڵکی گشتی و پاراستنی ژینگەی شار و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان کرایەوە.
باسنيوز
