بارەگای بارزانی: هەواڵی گیانلەدەستدانی فەرهاد و ئازاد خوسرەوی زۆر ناخهەژێن بوو

بارەگای بارزانی: هەواڵی گیانلەدەستدانی فەرهاد و ئازاد خوسرەوی زۆر ناخهەژێن بوو
باره‌گاى بارزانى په‌یامێكى سه‌ره‌خۆشى بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا سه‌ره‌خۆشى له‌ كەسوكاری فەرهاد و ئازاد خوسرەوی و خەڵكی گوندی نێ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21/12/2019، باره‌گاى بارزانى په‌یامێكى سه‌ره‌خۆشى بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "هەواڵی گیانلەدەستدانی هەردوو نەوجەوانی كۆڵبەر، (فەرهاد خوسرەوی) و (ئازاد خوسرەوی) زۆر ناخهەژێن بوو".

هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو: "سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری هەر دوو جوانەمەرگ و خەڵكی خۆشەویستی گوندی (نێ) و دەڤەری مەریوان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین".

دوێنێ هه‌ینى 20/12/2019، تەرمی فەرھاد خوسرەوی، تەمەن 14 ساڵ كە بچووكترین كۆڵبەرە، دوای چوار ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، لە بەرزاییەکانی ملەی تەتەی هەورامانی مەریوان لەژێر بەفردا دۆزرایەوە.

رۆژی سێشەممەی هه‌فته‌ى ڕابردوو 17/12/2019، ژمارەیەك كۆڵبەر لە بەرزاییەكانی ملەی (تەتە)ی مەریوان، بەھۆی كەشوھەوای خراپ و ترسی كەوتنە داوی ھێزە ئەمنییەكانی ئێران، ڕێگەیان لێ بزر بوو، بەیانیی ئەو ڕۆژە تەرمی دوو لە كۆڵبەرەكان كە یەكیان برای فەرھاد بووە بەناوی ئازاد خوسرەوی تەمەن 16 ساڵ دۆزرایەوە.


ده‌قى په‌یامه‌كه‌ى باره‌گاى بارزانى:

هەواڵی گیانلەدەستدانی هەردوو نەوجەوانی كۆڵبەر، "فەرهاد خوسرەوی" و "ئازاد خوسرەوی" زۆر ناخهەژێن بوو.

سەرەخۆشیی لە خانەوادە و كەسوكاری هەر دوو جوانەمەرگ و خەڵكی خۆشەویستی گوندی "نێ" و دەڤەری مەریوان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.
هیواخوازین چیتر كارەساتی وا دڵتەزێن دووبارە نەبێتەوە و خوشك و براكانمان لە ئازار و نەهامەتی دوور بن.

بارەگای بارزانی
21ـی 12ـی 2019












باسنيوز
Top