ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پیرۆزبایی لە خەڵکی ھەولێر دەکات

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پیرۆزبایی لە خەڵکی ھەولێر دەکات
ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە بۆنەی کردنەوەی شەقامی ١٢٠ مەتریی ھەولێر، پیرۆزبایی لە خەڵکی شاری ھەولێر دەکەن و ڕەخنەش لە دەستپێنەکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی دەگرن.

کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی نیشتمانی ڕايگەیاند "وەک ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، وێڕای پیرۆزباییمان لە خەڵکی شاری ھەولێر کە شەقامی ١٢٠ مەتریی شارەکە کرایەوە، لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگا، گلەیی و ناڕەزایی ئەنجوومەنی پارێزگا و خەڵکی شاری سلێمانیمان پێڕاگەیاندوون، کە تا ئێستا دەست نەکراوە بە دروستکردنی شەقامی ١٠٠ مەتریی شاری سلێمانی".

گوتیشی پڕۆژەکە ماوەی حەفت ساڵە بڕیاری دروستکردنی دراوە و بڕیاری تەرخانکردنی ٩٠ ملیار دیناریشی بۆ دراوە، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە باری جێبەجێکردنەوە.

کاسترۆ مەعروف باسی ئەوەشی کرد کە لەو نووسراوەیاندا داوایان کردووە کە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا و وەزیری شارەوانی و پارێزگاری سلێمانی سەردانی شوێنی پڕۆژەکە بکەن، کۆمپانیای جێبەجێکار بۆ دەستکردن بە کارەکە ڕاسپێرن و بودجەی بڕیار لەسەردراو بخرێتە سەر حیسابی کۆمپانیاکە.













باسنيوز
Top