میدیایەکی تورکیا: 10٪ی خەڵکی تورکیا دەمیرتاشیان قبووڵە
بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی (تەرەفسسز)ی توركی، لەسەر مێزی رەجەب تەیب ئەردۆغان راپرسییەك هەیە كە ئاكەپە كردوویەتی و لەوێدا باس لەوە دەكرێت كە كام کەسایەتیی سیاسیی توركیات قبوڵە و خۆشت دەوێت؟ دەمیرتاش لە ریزبەندەكەدا سێیەم سەركردەیە.
بەرپرسێكی سەر بە ئاكەپە كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە، قسەی بۆ ئەو ماڵپەڕە كردووە و، ئاماژەی داوە كە لەو راپرسییەدا ئەردۆغان پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە و بەدوای ئەویشدا ئەكرەم ئیمامئۆغلو سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ دێت و لە پلەی سێیەمیش سەلاحەدین دەمیرتاش دێت.
واتە لەو راپرسییەدا دەمیرتاش بە پێش كەماڵ كلیچدارئۆغلو سەرۆكی جەهەپە و دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە و مەراڵ ئاكشەنەر سەرۆكی پارتی باش هاتووە.
ئەو بەرپرسەی ئاكەپە، رێژە دەنگەكانی ئەردۆغان و ئیمامئۆغلوی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام ئاشكرای كردووە كە لەو راپرسییەی لەسەر مێزی ئەردۆغانە،١٠٪ی گەلی توركیا دەمیرتاشیان قبووڵە و خۆشیان دەوێت.
ئەمەش دەریدەخات كە دەمیرتاش ئەگەرچی لە زیندانە، بەڵام دەنگەكان و لایەنگری زیادی كردووە، چونكە بەرلەوەی زیندانی بكرێت و كاتێك بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیای كرد، نزیكەی ٨.٥٪ی بەدەست هێنا، بەڵام ئێستا بۆ ١٠٪ بەرز بووەتەوە.
باسنيوز
