نامەیەکی دەستنووسی ئیدریس بارزانی بڵاو دەبێتەوە کە هانی خەبات دەدات
نامەیەکی دەستنووسی شەهید ئیدریس بارزانی، سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بڵاو دەبێتەوە کە تێیدا هانی خەباتکردن دەدات.
بەختیار عزەت دەرگەڵەیی، پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتیی کورد کە لە ئەمریکا دەژی، ژمارەیەک نامەی سەرکردەکانی کوردی بڵاو کردەوە کە لە ساڵانی خەباتی ڕزگاریخوازی کورددا ناردوویانە، یەکێک لەم نامانە، نامەی شەهید ئیدریس بارزانییە کە بۆ کامەران عزەت دەرگەڵەیی برای بەختیار دەرگەڵەیی ناردووە کە ئەو کات لە ئەمریکا بووە.
ئیدریس بارزانی لە نامەکەیدا کە بە دەستی خۆی نووسیویەتی و تێیدا دەردەکەوێت، بە کوردییەکی ڕەوان و ڕێنووسێکی کوردیی بەرز بۆچوونەکانی لەسەر کاغەز دەربڕیوە، لە دۆخێکی نائومێدیدا کە ئەو سەردەمە باڵی بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا کێشابوو، بە ئومێدێکی زۆرەوە لەگەڵ خەڵکی کوردپەروەر لە پەیوەندیدابووە بۆ جۆشدانەوەیان بۆ خەبات و کوردایەتی.
ئیدریس بارزانی لە نامەکەدا کە ڕۆژی ٢٢ی ٣ی ١٩٧٨ نووسیویەتی، جەختی کردووەتەوە کە ڕۆڵەی دڵسۆزی کورد، لە هەر کوێ و لە هەر کاتێک بێت، مەسەلەی گەلەکەی لە ویژداندا دەپارێزێ و هۆش و هەستی دەخاتە کار بۆ پێشخستنی کاروانی گەلەکەی.
ئیدریس بارزانی، كوڕی رابەری مەزنی كورد مستەفا بارزانیی نەمرە، لە ساڵی 1944 لە گوندی (بارزان)ی مەڵبەندی خواپەرستی و كوردایەتی و بەرخودان لە دایكبووە. لە نێو هەلومەرجی شۆڕشی سێهەمی بارزان 1943 – 1945 و بارودۆخی ئاڵۆزی ئەو كات و دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و رووداوەكانی دوای جوانەمەرگ كردنی ئەو كۆمارە هاتۆتە دنیا و هەناسەی داوە و چاوەكانی پشكەوتوون.
ساڵی 1947 بارزانی نەمر لەگەڵ 500 لە هەڤاڵانی كە لە رێڕەوێكی مێژوویی دا توانیویانە داستانێكی گەورە لە مێژوودا تۆمار بكەن و وەك پێویستی و وەڵامدانەوەیەكی واقیعی ئەوكات، خۆیان بگەیەننە یەكێتیی سۆڤیەتی جاران، كاك ئیدریس بارزانیش" ئەو كات تەمەنی تەنیا 4 ساڵان دەبێت، لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا دووچاری ئاستەنگ و دەربەدەری دەكرێن و بە دەستبەسەر بۆ خوارووی عێراق دوور دەخرێنەوە و لە لایەن رژێمی ئەو كاتی عێراق بۆ ماوەی 11 ساڵ تووشی ژیانێكی پڕ ئەستەم دەبن لە شارەكانی بەسرە و مووسڵ و بەغدا.
لەگەڵ ئازار و زەحمەتەكانی ژیانی ئاوارەییدا، درێژە بە خوێندن دەدات تا گەڕانەوە سەربەرزانەكەی مەلا مستەفا بارزانی بۆ عێراق و كوردستان پاش شۆڕشی 14ی تەمموزی ساڵی 1958 كە ئەو كات ئیدریس بارزانی لە شاری بەغدا خەریكی خوێندن دەبێت، دوای ئەو دابڕانە زۆرە بە دیداری بارزانی باوك و رابەر شاد دەبێت و دواتر دەگەڕێنەوە زێدی باب و باپیران لە خاكی كوردستان.
مێژوونووسان و تەواوی ئەوانەی لە خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا ڕۆڵیان گێڕاوە، ئاماژە بە کاریگەری و ڕۆڵی ئیدریس بارزانی لەو سەردەمەی کورد دەدەن. لەمبارەیەوە د. ڕۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هاوڕێی ئیدریس بارزانی بووە، دەڵێت: ”کاک ئیدریس کەسایەتییەک نەبوو کە هەر وا بە سادەیی بەسەریدا تێپەڕین، وەک ئەوەی بڵێین فڵان ساڵ لەدایک بووە و لە فڵان ساڵدا هاتە ڕیزی پارتییەوە و لە خەبات بەردەوام بوو و لە فڵان ڕۆژ و ساڵدا کۆچی دوایی کرد، بەڵکوو کاک ئیدریس کێوێکە لە مێژووی میللەتەکەمان".
ئیدریس بارزانی پاش تەمەنێکی پڕ لە خەبات و تێکۆشان، كاتژمێر 6.30ی سەرلەبەیانی رۆژی 31/1/1987 لە ناحیەی "سلیڤانا"ی سەر بە شاری"ورمێ"ی رۆژهەڵاتی كوردستان، ماڵئاوایی دەكات و لە گۆڕستانی شاری "شنۆ" لە تەنیشت بارزانیی باوك و رابەر دەنێژرێ و ساڵی 1993 لەگەڵ تەرمی بارزانیی نەمر، گەڕێندرانەوە باشووری کوردستان و لە مەزاری نەمران لە بارزان نێژران.
باسنيوز
