گومرگی هەرێمی كوردستان: عێراق پابەندی پێناسی گومرگیی یەكگرتوو نابێت
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان راگەیاند "لەدوای جێبەجێکردنی پێناسی گومرگیی یەكگرتوو لەنێوان ئێمە و عێراق، جوڵەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان كەمیكردوە. پێناسی گومرگی لەلای ئێمە 100% وەكو خۆی جێبەجێكراوە، بەڵام لە عێراق پاشاگەردانیەك لەو بارەیەوە هەیە و وەك ئەوەی لەسەری رێككەوتووین، جێبەجێناكرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو "هەندێک دەروازەی سنووری هەن کە بەرپرسانی عێراق خۆیان دەڵێن بۆمان كۆنترۆڵ ناكرێتو گوتیشی "بەڵام لەلای ئێمە گومرگ بەسیستەمێكی ئەلیكترۆنی دەكرێت و زۆر بەباشی كارەكان دەكرێت".
لە رۆژی 07-10-2018 دەستەی گشتیی گومرگەكانی عێراق، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە رێككەوتن لە عێراق و هەرێمی كوردستان یەك پێناسی گومرگیی یەكگرتووە هەبێت. لە 17-3-2019وە هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كار بە یەك پێناسی گومرگیی نوێ دەكەن، بەڵام وەك بەرپرسانی گومرگ لە هەرێمی كوردستان دەڵێن، "بەغدا پابەندی رێككەوتنی پێناسی گومرگی نابێت".
