لێژنەی کاروباری پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەیاسای چاکسازی دەکات
خەدیخە عومەر مزوری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی کاروباری پەرلەمان رايگەیاند، ئەمرۆ چوارشەممە 18-12-2019، لێژنەکەیان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە بارەی پرۆژەیاسای چاکسازی، ئەنجام دەدات.
خەدیجە مزوری هەروەها رایگەیاند، ئەو بەشەی پەیوەندیدارە بە لێژنەکەی ئەوان، راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تەواوبوونی راپۆرتی لێژنەکەیان، لەگەڵ پێنج لێژنەی پەیوەندیداری دیکە، راپۆرتی هاوبەش ئامادە دەکەن بۆ رۆژی خویندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی.
رۆژی سێشەممە 17-12-2019، لەبارەی هەمان پرۆژەیاسا، لێژنەی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆ بووەوە.
رۆژی دووشەممە 16-12-2019، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی کرد و بە زۆرینەی دەنگیش سیفەتی بە پەلەی دایە پرۆژەیاساکە، تاوەکو لە ماوەیەکی کەمدا پەسەند بکرێت.
رۆژی چوارشەممە 11-12-2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆ بووەوە و پرۆژەیاسای چاکسازی پەسەندکرد.
رۆژی پێنجشەممە 12-12-2019، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان پرۆژەیاساکەی ناردە پەرلەمانی کوردستان.
باسنيوز
