سەرۆکی میسر: کەس ناتوانێ ناسنامەی کوردبوون بسڕێتەوە

 سەرۆکی میسر: کەس ناتوانێ ناسنامەی کوردبوون بسڕێتەوە


سەرکۆماری میسر باسی دابەشکردنی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، کە هیچ کەسێک ناتوانێ ناسنامەی کوردبوون بسڕێتەوە.

عەبدولفەتاح سیسی، سەرکۆماری میسر لە کۆڕبەندێکدا،کە بۆ گەنجانی زۆربەی نەتەوە جیاوازەکانی جیهان لە قاهیرە ساز کراوە، وەڵامی پرسیاری کچێکی کورد لەبارەی بارودۆخی کوردستان دەداتەوە.

عەبدولفەتاح سیسی رایگەیاندووە، دەوڵەتی کوردستان بەسەر چوار وڵاتی عێراق، سووریا، ئێران و تورکیا دابەش کراوە، بەڵام ”کەس ناتوانێ ناسنامەی کورد بوون بسڕێتەوە، چونکە هێشتا زمان و کولتووری خۆتان هەیە“.

سەرکۆماری میسر داوا لە گەنجانی کورد دەکات خۆیان پێبگەیەنن و بە خوێندن و لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی نەتەوە سەربەخۆبووەکان بکەن و ئامادەکاریی بۆ قۆناغی سەربەخۆبوون بکەن،چونکە کە ناوچەیەک سەربەخۆ دەبێ، ئەوە مانای ئەوە نییە وڵاتێکی بەهێز دەبێت و نموونەی بەوە هێناوەتەوە، کە زۆر وڵات هەن سەربەخۆن، بەڵام بێهێزن و یەک باڵوێزخانەیان هەیە.

ئەو لێدوانەی عەبدولفەتاح سیسی لەکاتێک دایە، کە وڵاتەکەی بەهۆی رەەوتی ئیخوان موسلیمین و سنووری ئاویی دەریای ناوەڕاست، کێشەیەکی قوڵی لەگەڵ تورکیا هەیە و چەندین ساڵیشە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، لە رەوشێکی خراپدان.

دوای هاتنە سەرکاری، سیسی کارکردنی رەوتی ئیخوان موسلیمینی قەدەغە کرد و خستییە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.

تورکیا لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی سەر بە رەوتی ئیخون موسلیمین بەڕێوە دەبرێت و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری ئەو وڵاتە خۆی وەک سەرکردەی باڵای ئەو رەوتە نیشان دەدات.

دوای کۆتایی هێنان بە حوکمی حوسنی موبارەک، محەمەد مورسی، کە لە ساڵی 1951 لەدایک ببوو، بە هەڵبژاردن لە 2012 - 2013 بووە سەرۆکی میسر و ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-6-2019 لەکاتی دادگاییکردنی، گیانی لەدەست دا.

جەنەڕال عەبدولفەتاح سیسی، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەمەد مورسی، وەزیری بەرگریی میسر بوو، بە بەکارهێنانی سوپا لە ساڵی 2013 کودەتای بەسەر محەمەد مورسیدا کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆماری میسر ناساند.

دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی میسر، رەوتی ئیخوان موسلیمین و محەمەد مورسی، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی، وەک تیرۆریست ناساند و دواتریش ئەو رەوتە لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات، وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسنێندرا.
ڕەنگاڵە




باسنیوز
Top