نێچیرڤان بارزانى جەخت لە ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین دەکاتەوە
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 17/12/2019 لە هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بەڕێز ئەنتۆنى بیلۆنژێ سکرتێرى فیدراسیۆنى ڕۆژنامەنووسانى نێودەوڵەتى کرد کە بە یاوەریى ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان لە چەندین وڵاتى جیهانەوە، بۆ بەشداریکردن لە كۆنگرەی دیداری نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان، سەردانى هەولێریان کردووە.
لە دیدارێکدا کە بەڕێزان نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان و ژمارەیەک لە میوانانى كۆنگرەی دیداری نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان ئامادەى بوون، دۆخى ڕۆژنامەگەرى و کارى میدیایى و ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین و یاساکانى ئەو بوارە لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کران.
لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیى پاراستنى ئازادیى ڕۆژنامەگەرى و ڕادەربڕین وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانى دیموکراسى کرایەوە و بەرەوپێشچوون و کێشەکانى ئەو بوارە لە ناوچەکە بەگشتى خرانە ڕوو و بیروڕا لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کران.
