فەرماندەی هەسەدە: بەشی حکوومەتی سووریا لە نەوتی رۆژئاوای کوردستان دەدەین

فەرماندەی هەسەدە: بەشی حکوومەتی سووریا لە نەوتی رۆژئاوای کوردستان دەدەین
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، کە ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان بەشی حکوومەتی رێمی سووریا لە نەوتی رۆژئاوای کوردستان، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەداتە رژێم.

مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، رایگەیاندووە، هێزە ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوام جموجۆڵیان هەیە و ”بە گشتیی دەتوانم بڵێم ژمارەیان کەم نەبووەتەوە“.

مەزڵوم کۆبانی، کە مەزڵوم عەبدیش دەناسرێ، هەروەها رایگەیاندووە، هەسەدە و ئەمریکا لەسەر رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش رێککەوتوون و ئێستاش ئەو رێککەوتنە کاری پێدەکرێت و خاڵێکی بۆ زیاد کراوە، کە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانە.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بە بوونی رێککەوتنێک لەگەڵ رژێمی سووریا کردووە و رایگەیاندووە، ”ئێستا لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئێمە و هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە چاودێریی رووسیا، هەیە“.

دوای هێرشی سوپای تورکیا و کشانەوەی هەسەدە لە هەندێک ناوچەی رۆژئاوای کوردستان، سوپای ئەمریکاش تەنیا لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکان ماوەتەوە و بە گوتەی مەزڵوم کۆبانیش، ئەمریکا بەڵێنی داوە ئەگەر ئەمجارە هێرش بکرێتە سەر هەسەدە، ئەوا بەرگریی لێ بکات.

کۆبانی لەبارەی دانوستاندنی نێوان هەسەدە و تورکیا، رایگەیاندووە، ”دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێمە و تورکیا لەڕێی ئەمریکییەکانەوە، هەیە“.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێی وایە تورکیا هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدات و ئێستاش دەستی بە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە کردووە، کە دەستی بەسەردا گرتوون.

هێزەکانی سوپای رژێمی سووریا بە رێککەوتن لەگەڵ هەسەدە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان رۆژئاوا و باکووری کوردستان (سووریا و تورکیا) جێگیر کراون، هەروەک مەزڵوم کۆبانی رایگەیاندووە، ”ئێستا لە هیچ شوێنێک ئێمە و تورکیا بەرامبەر یەک نین“، سوپای سووریا لەنێوانیانە.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەسەدە هێزێکی نیشتمانیی سووریە، دوای کشانەوەی هێزەکانی رژێمی سووریا بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان دروست بووە و بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی سووریا و بە پێویستیشی دەزانێ ئەو بابەتە لە دەستووری سووریا جێگەی بکرێتەوە.

مەزڵوم کۆبانی رەتی دەکاتەوە هەوڵی جیابوونەوە لە سووریا یان راگەیاندنی هەرێمێک بدەن و رایگەیاندووە، ”چەندین جار رامانگەیاندووە، کە پرۆژەی ئێمە جوداخواز نییە“.

کۆبانی لەبارەی نەوتی رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاندووە، نەوت موڵکی گەلی سووریایە و داهاتەکەی بەسەر هەموو پارێزگاکان دابەش دەکرێت و هەموو لایەنەکان بە حکوومەتی رژێمی سووریاوەش بە ناڕاستەوخۆ، بەشی خۆیان لە نەوتی رۆژئاوا پێ دەدرێت.














باسنيوز
Top